ترەمپ: مامۆستایان لە ئەمریکا با چەکیان هەبێ
سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ڕۆژی چوار شەممە پێشنیاری کرد بۆ پێشگرتن لە تەقەکردنی مەرگهێنەر لە فێرگەکانی ئەم وڵاتە ، مامۆستایان چەکدار بکرێن .
بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەری فارس، " داناڵد ترەمپ" لە دیداری لەگەل قووتابیان و بنەمالەکانی قوربانیانی پەلاماری مەرگهێنەری ئەمدواییەی فێرگەی ناوەندی " ئێستۆن مەن داگلاس" ، لە شاری پارکلەند لە ویلایەتی فلۆریدا، ئیدعای کرد " ئەگەر مامۆستایەک لێهاتوو بێت لەمەڕ کەڵک وەرگرتن لە چەک، خێرا دەتوانێ کۆتایی بدات بە پەلامارێک کە لە فێرگە دا کراوە ".
لاویکی تەمەن ١٩ ساڵان بە ناوی " نیکۆلاس کروز" چوار شەممە ١٤ فیڤرییە بە ڕەشاشێک ، ١٧ قوتابی فێرگەی ناوەندی " ئێستۆن مەن داگلاس" ـی کوشت و پتر لە ٥٠ کەسی بریندار کرد.
ترەمپ لە دەستپێکی خولی سەرۆک کۆمارەتی خۆی دا ڕوو لە خاوەنانی چەک لە ئەمریکا وتبووی: ٨ ساڵ دەستدرێژی بۆ سەر مافەکانی خاوەن چەکە ئەمریکاییەکان کۆتایی هاتووە و ئێستا ئەوان لاگرێکی ڕاستەقینەیان لە کۆشکی سپی داهەیە.