ئادار 04, 2018 14:28 Asia/Tehran
  • پیونگ یانگ: کۆریای باکوور ئامادەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا

باڵیۆزی کۆریای باکوور لە بنکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ ڕۆژی شەممە جم و جۆڵی سەربازیی ئەمریکای بە پڕمەترسیی وەسف کرد و جەختی کرد: پیونگ یانگ ئامادەیە بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەمریکا ببێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "هان تائە سونگ"  Han Tae Song لە کۆبوونەوەی چەکداماڵین لە ژێنێڤ ڕایگەیاند هەڕەشە و گوڕەشەی سەربازی و ئەتۆمیی ئەمریکا دژ بە کۆریای باکوور بۆتە هۆی پەرسەندنی کێشە و ناکۆکی لە نیمچه دوورگەی کۆریا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.

باڵیۆزی کۆریای باکوور لە بنکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ وتیشی: پیونگ یانگ لەبەر هەڕەشە و گوڕەشەکانی ئەمریکا پێویستی بە چەک و چۆڵی ئەتۆمی هەیە.

"هان تائە سونگ" هەروەها راشکاوانە رایگەیاند: ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە بە ئامرازێک بۆ وەبن گوشار نانی پیونگ یانگ.

کۆریای باکوور لە ماوەی چەن مانگی ڕابردوودا بەردەوام بە هۆی گوشار و هەوڵی ئەمریکا لەبەر ئەنجام دانی تاقیکاریی مووشەکی و ئەتۆمی، لە لایەن واشینگتۆن، ئەنجومەنی ئاسایش و یەکێتیی ئەورووپاوە بایکۆت کراوە.

واشینگتۆن و هاوپەیمانەکانی کە دەورێکی بەرچاو دەگێڕن لە تەشەنە پێدانی کێشە و ناکۆکی لە شێوەی دوورگەی کۆریا، بەردەوام خوازیاری کۆتایی هاتنی تاقیکردنەوەی سەربازی و ئەتۆمیی کۆریای باکوورن؛ بەڵام پیونگ یانگ بەردەوام جەختی کردووە تا ئەو کاتەی ئەمریکا و هاوڕێکانی درێژە بدەن بە هەڕەشە و گوڕەشەی دژ بە کۆریای باکوور، ئەم وڵاتەیش درێژە دەدات بە بەهێزتر کردنی توانای سەربازی و توانای پەلاماری پێشدەستانەی خۆی.

سەرپەیڤ