ئادار 17, 2018 11:46 Asia/Tehran
  • یەکێتی ئوروپا: هەموو لایەنەکان پێدادەگرن لەسەر جێ بەجێ کرانی بەتەواوەتی ڕێککەوتنی ناڤۆکی و هەڵوەشانی بەردەوامی گەمارۆکان

یاریدەری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا دوێشەو(هەینی) لەکۆتایی یازدەهەمین دانیشتنی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ناڤۆکی ڕایگەیاند، هەموو لایەنەکان جەخت دەکەن لەسەر جێ بەجێ کرانی کارای ئەو ڕێککەوتننامەیەو جێ بەجێ کرانی بەردەوامی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆ سەپێندراوەکانی هاوپێوەند بە پرسی ناڤۆکی.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، هێلگا شمید لەو بەیاننامەدا وتی: ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، دامەزراوەیەک کە بەگوێرەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی و بڕیارنامەی٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان بەرپرسی چاودێری و تاقیکردنەوەی ڕاستبوونی بەڵێنیە هاوپێوەندەکان بە پرسە ناڤۆکییەکانی ئێرانە، تائێستا لە دە ڕاپۆردا پێبەندبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرجامی پشت ڕاست کردۆتەوە.

بەپێی ئەو بەیاننامەیە، کۆمیسیۆنی هاوبەش هەروەها جێ بەجێ کرانی پەیوەستی سێهەمی ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەمەڕ هاوکاریی ئاشتیانەی ناڤۆکی، خستەبەر باس و لێکدانەوەو لەو چوارچێوەدا پێشوازی کرد لەو هەنگاوانەی چەند لایەنێکی پەیوەندیدار بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی هەڵیانگرتووە بۆ داکۆکی کردن لەوکارە.

یازدەهەمین دانیشتنی کۆمیسیۆنی هاوبەشی بەرجام(ڕێککەوتنی ناڤۆکی) دوێنێ هەینی بەئامادەبوونی شاندەکانی ئێران و تاقمی پێنج کۆیەک و نوێنەری یەکێتی ئوروپا بەسەرۆکایەتی سەیید عەبباس عێراقچی یاریدەری سیاسی وەزیری دەرەوەی ئێران وهێلگا شمید یاریدەری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا بەڕێوە چوو.

عێراقچیش دوێشەو(هەینی) پاش کۆتایی هاتنی دانیشتنی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە ڤیەن، وتی: لەو کۆڕەدا کۆدەنگی تۆکمە هەبوو لەهەمبەر ئەمریکادا لەمەڕ پێویستی درێژەدان و جێ بەجێ کرانی بەتەواوەتی ونیازپاکانەی ڕێککەوتنەکە.

سەرپەیڤ