ئادار 20, 2018 17:18 Asia/Tehran
  • پەیامی سەرۆک کۆماری ئاڵمانیا بە بۆنەی نەورۆزەوە

سەرۆک کۆماری ئاڵمانیا بە بۆنەی گەییشتنی نەورۆزەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ھەواڵیی دویچە ڤۆڵە، فرانک واڵتر ئشتاین مایەر سەرۆک کۆماری ئاڵمانیا لە پەیامەکەی دا، نەورۆزی وەک ھێمای تازە بوونەوەو تریفەو جێژن ناوبردووە کە دەتوانێ مرۆڤە جۆربەجۆرەکان لە د ەوری یەک خڕکاتەوەو بۆ وتووێژ ھانیان بدات.

ئشتاین مایەر ھیواداری دەربڕیوە کە تەعامول و ڕێزگرتنی واوەتر لە سنوورە نیشتیمانی و کلتووری و دینییەکان پەرە بستێنێت. ئشتاین مایەر  ڕاشیگەیاندووە کە ملوێنان مرۆڤ بە کلتووری جۆربەجۆرەوە ھەر لە ڕۆژھەڵاتەوە ھەتا باڵکان، قەراخەکانی دەریای ڕەش و قەوقاز نەورۆز دەکەن بەجێژن.

سەرۆک کۆماری ئاڵمانیا نەورۆزی وەک جێژنی دۆستایەتی و ھاوپشتی و دەرفەتێک زانیوە بۆ وەلانانی ناکۆکی و کێشەوگێرەکان.

ئشتاین مایەر وتووشیەتی: لە سەردەمی ناھێمنی ئێستادا کە ھەموو ڕۆژێک دەنگوباسی شەڕو تیرۆرو بێزاری بڵاو دەبێتەوە، پەیامی نەورۆز بوێری خولقێنەو مرۆڤەکان لەوە دڵنیا دەکاتەوە کە دەشێ لەتەنیشتی یەکتردا بە ئاشتی و ئامانجگەلی گەورە بگەین.

ئێرانییەکان ٢١ی مارچ کە ڕێککەوتە لەگەڵ دەست پێ بوونی بەھاردا وەک دەست پێ بوونی ساڵی تازەوھاتنی نەورۆزی ڕازاوە دەکەن بەجێژن و ئاھەنگ.