نیسان 13, 2018 13:27 Asia/Tehran
  • پۆمپێئۆ: ئەمریکا هیچ بەڵگەیەکی سەلمنێنەری بنپێکرانی پەیمانی ئەتۆمی لە لایەن ئێرانی بە دەستەوە نییە

وەزیری پێشنیارکراوی "دۆناڵد ترەمپ" ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ کاروباری دەرەوە ڕۆژی پێنجشەممە ، ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەکی بە یەکێک لە تەوەرەکانی دانوستانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئەلمان و فەرانسا هێنایە ئەژمار و دانی نا بەوەیدا کە ئەمریکا هیچ بەڵگەیەکی بە دەستەوە نییە کە سەلمێنەری بنپێکرانی پەیمانی ئەتۆمی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بێ.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "مایک پۆمپێئۆ" Mike Pompeo  لە کۆبوونەوەی لێژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا کە بە مەبەستی لێکدرانەوەی شیاوەتیی ناوبراو بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەڕێوە چوو، بەم حاڵەشەوە جەختی کرد ترەمپ و ئەو بەنیازی گۆڕینی بڕگەکانی پەیمانی ئەتۆمین.

ترەمپ بەم بانگەشەیە کە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرانسا، چین، ڕووسیا و ئەڵمان) تەنیا قازانج و بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دابین دەکات ، خوازیاری گۆڕدرانی بڕگەکانی ئەو پەیمانە ئەتۆمییە لە ئاراستەی قازانج و بەرژەوەندییەکانی واشینگتۆندایە.

هەر لەم ئاراستەیەدا ترەمپ ١٢ی ژانڤییەی ٢٠١٨ ماوەی هەڵپەسێردرانی بایکۆتە ئەتۆمییەکانی ئێرانی نوێ کردەوە، بەڵام هەندێ شەرت و مەرجی بۆ ڕاگرتنی وڵاتەکەی لەم پەیمانە ڕاگەیاند؛ لەوان گۆڕینی ژمارێک لە بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، دەسڕاگەیشتن بە هەموو بنکە سەربازییەکان و بایکۆتی مووشەکیی ئێران، ناوبراو وتیشی: بێتوو کۆنگرێسی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا ئەو شەرت و مەرجانە نەهێننە دی، لە دوادەرفەتدا واتە ١٢ی مانگی مەی، ماوەی هەڵپەساردنی بایکۆتەکان نوێ ناکاتەوەو لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک دێتە دەرەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە "فدریکا موگرینی" ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا و ولایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەردەوام جەختیان کردووە کە ئەم پەیمانە ئەتۆمییە هی هەموو کۆمەڵگەی جیهانیەو ڕێککەوتنێک نییە کە دوولایەنە داڕێژرابێ و بکرێ تێیدا گۆڕانکاری بەدی بێنین.

"دۆناڵد ترەمپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش، ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییەی بە پەیمانێکی نالەبار ناو بردووە و خوازیاری هەڵوەشانەوەیەتی، بەڵام جیهان نەیاری ئەم کردەوە دوژمنکارانەیەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.

 

 

سەرپەیڤ