نیسان 26, 2018 21:50 Asia/Tehran
  • بەرنامەی ڕێبەرانی ھەردووک کۆریا بۆ دیداری ڕۆژی ھەینی ، (ئون) بە سەوادە بەپیریی (ئین)ەوە دەچێت

کاربەدەستانی سێئول ئەمڕۆ ڕایانگەیاند: ڕێبەری کۆریای باکووری و سەرۆک کۆماری کۆریای باشووری لە ڕەوتی دیدارەکەیاندا نەمامێک دەچەقێنن و (گاردێکی فەخری)ش بەسەر دەکەنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیسنا، وا بڕیارە ڕۆژی هەینی ٢٧ی نیسانی ٢٠١٨ سەرۆکی هەردوو کۆریا لە گوندێکی سنوری نێوان هەردوو وڵات کۆببنەوە لەسەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی هەمیشەیی.

میدیاکانی کۆریا باشور ڕایانگەیاندووە، موون جەی ئین سەرۆکی کۆریای باشوور ڕۆژی هەینی لە گوندێکی سنوری نێوان هەردوو وڵات پێشوازیی لە کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی کیم جۆنگ ئون هێڵی سنوری سەربازیی تێدەپەڕێنێت و دێتە ناو خاکی کۆریای باشوورەوە.

ئەوەشیان خستۆتەڕوو، دواتر پاسەوانانی کۆریای باشوور هاوڕێیەتیی دوو سەرۆکەکە دەکەن بۆ مەراسیمی پێشوازیکردنەکە لە یاریگایەکی گوندی بانمۆنگۆمی سنوری کە لەوێ کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت.

وەک باسی دەکرێت لەنێو وەزیرە بەشداربوووەکانی شاندەکەی هەردوولادا وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوەی هەردوو کۆریاش ھەن. مەبەست لە کۆبوونەوەکەی نێوان هەردوولا جەخت کردنەوەیە لە نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن کۆریای باکوور و بەستنی ڕێککەوتنێکی ئاشتییانە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

جێگای ئاماژەیە ئەم دیدارانە بە تەواوی ھێمایانەو سیمبۆلیکن چونکو کیم جونگ ئون سەرۆکی کۆریای باکووری یەکەم سەرۆکی وڵاتەکەیەتی کە لە کاتی کۆتایی شەڕی کۆریا لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ ھەتا ١٩٥٣ ی زایینی سەردانی بەشی باشووریی کۆریا دەکات و سنوور دەبەزێنێ.

لە سەروبەندی دیداری سەرۆکانی ھەردووک کۆریا، تاقمە مەدەنییەکانی ھەردووک وڵات ئاڵاکانی یەکگرتنەوەی ھەمدیسانی ھەردووک کۆریایان لە زۆرڕێک لە ناوچەکانی کۆریای باشووری ھەڵکردووە بۆ ئەوەی حەزو ھۆگریی خۆیان لەمەڕ سەرکەوتوو بونی کۆبوونەوەکانی ڕۆژی ھەینیی ڕێبەرانی ھەردووک کۆریا پیشان بدەن.

بڕیار وایە کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکاش لە کۆتایی مانگی مەی یان سەرەتای ژوئەن چاوی بە کیم  جونگ ئون سەرۆکی کۆریای باکووری بکەوێت و وتووێژی لەگەڵدا بکات.