نیسان 27, 2018 11:11 Asia/Tehran
  • ڕێککەوتنی ترەمپ و مەکرۆن لە سەر پەیمانی نوێ لەگەڵ ئێران

مێدیایەکی ئەمریکایی ڕایگەیاند؛ سەرۆک کۆماری فەرەنسا و ئەمریکا ڕێککەوتوون لە سەر پەیمانێکی نوێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.

کەناڵی هەواڵی سی ئن ئن بە گێڕانەوە لە ژێدەرە ئاگادارەکان بانگەشەی کرد کە "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا و "ئیمانۆئێل مەکرۆن"ی هاوتای فەرەنسیی ترەمپ ڕێککەوتوون لە سەر ئەوەی کە بۆ پەیمانێکی دیکە واوەتر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک، دانوستان لەگەڵ ئێران خێراتر دەست پێ بکەن.

سی ئن ئن وتیشی؛ بۆچوونی ئیمانۆئێل مەکرۆن سەبارەت بە قەناعەت پێ کردنی دۆناڵد ترەمپ بۆ مانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی گۆڕدراوە.

سی ئن ئن لە ماڵپەڕەکەیدا نووسیویەتی ؛ مەکرۆن پاش وتووێژ لەگەڵ ترەمپ گەیشتۆتە ئەو بۆچوونە کە دانوستان بۆ ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ ئێران کە ئەمریکا دەیهەوێ فەرمیتر بێ و لە بواری یاساییەوە ئیلزامی تێدا بێ، گەلێک پێویستە.

ئەم ڕێککەوتنە کە سی ئن ئن بە پەیمان ناوی دەبات، هەموو تێبینییەکانی ترەمپ سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک، لەوان بەرنامەیی مووشەکی، ڕێککەوتنی ئەتۆمی  و چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەگرێتەوە.

مەکرۆن لە سەفەرێکی سێ ڕۆژەدا بۆ واشینگتۆن سەبارەت بە داهاتوویی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەمریکا وتووێژی کرد.

بڕیارە ترەمپ ١٢ی مانگی مەی سەبارەت بە هەڵپەساردنی بایکۆتە ئەتۆمییەکانی ئێران بڕیار بدات و چوونەدەر یان مانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕابگەیەنێ.

سەرپەیڤ