نیسان 28, 2018 20:14 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، فدراسیۆنی ڕووسیاو کۆماری تورکیا لەبارەی سووریا

وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی ڕووسیا، ئێران وتورکیا لەکۆتایی دانیشتنەکەیان لە مۆسکۆ بەدەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش پێیان داگرت لەسەر پێویستیی پاراستنی سەروەریی، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا.

بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەزیرانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ، فدراسیۆنی ڕووسیا و کۆماری تورکیا، وەک گەرەنتیکارانی ڕەچاوکرانی سیستەمی ئاگربڕ لەسووریا، دووهەم دانیشتنەکەیان لە مۆسکۆ لەبەراوری ٢٨ی ئاڤریلی٢٠١٨ دا بەڕێوە برد.

بەپێی ئەو راپۆرە لە بەیاننامەی کۆتایی ئەو دانیشتنە سێ قۆڵییە، ئەو سێ وڵاتە پێیان داگرت لەسەر بنەمای بەیاننامە هاوبەشە دەرکراوەکان لەلایەن سەرۆک کۆمارانی ئێران، فدراسیۆنی ڕووسیاو کۆماری تورکیا لە بەروارەکانی٢٢ی نۆڤمڤبەری٢٠١٧و ٤ی ئاڤریلی٢٠١٨.

لەهەمان کاتدا، وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵات لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە هەوڵە هاوبەشەکان چڕبکەنەوە بۆ ئاسانکردنی ڕەوتی دەسڕاگەیشتن بەچارەسەریی پاوەجێی سیاسی لە سووریا بەگوێرەی ئاسۆی دیاریکراو لە بڕیارنامەی٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان و سوود وەرگرتنی بەتەواوەتی لەمیکانیزمە چەندتوییەکانی فۆرمەتی ئاستانە.

لەو بەیاننامەدا هەروەها بەپێداگریی لەسەر ئەوەی کە دانیشتنەکانی ئاستانە تەنیا هەوڵی جیهانیی کارامە لەبارەی قەیرانی سووریایە، ڕاگەیێندرا کە دانیشتنی نێودەوڵەتیی دواتر لەبارەی سووریا هاوکات لەگەڵ دووهەمین دانیشتنی گرووپی کاریی ئازادکرانی گیراوان، ڕفێندراوان و ڕادەست کرانی تەرمەکان و ناسرانی کەسانی بێ سەروشوێن لەمانگی مای٢٠١٨ لەئاستانەی پایتەختی قەزاقستان بەڕێوە ببەن.

لەدرێژەی ئەو بەیاننامە هاوبەشەش وێڕای شەرمەزارکردنی کەڵک وەرگرتن لە چەکە شیمیاییەکان لە سووریا جەخت کراوە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئەو بەرنامە کارییانەی لەپێناو لاوازکردنی سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سووریاو لاوازکردنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتانی دراوسێ لەئارا دان.

دانیشتنی سێ قۆڵیی وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا، ئێران و تورکیا لەبارەی قەیرانی سووریا ئەمڕۆ شەممە لە مۆسکۆ بەڕێوە چوو.

سەرپەیڤ