May 10, 2018 08:06 Asia/Tehran
  • پێداگریی وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیاو فەرەنسا لەسەر بەسوودبوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بۆ ئێران

"بوریس جانسۆن" و "ژان ئیڤ لۆدریان" وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیاو فەرەنسا لەمیانەی وتووێژی تەلەفوونی جیاجیا لەگەڵ "محەممەد جەوادی زەریف"ی هاوتای ئێرانی خۆیان بەمەبەستی پاڵپشتی لە بەردەوامبوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەی کە ئێران هەموو سوود و قازانجەکانی ئەو ڕێککەوتنەی بە نسیب دەبێ.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لەو وتووێژە تەلەفوونیانەدا جەختی کرد لە سەر پێویستیی ئاراستە کرانی گەرەنتی لە لایەن وڵاتانی دیکەی ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە لەمەڕ ئەوەی ئێران هەموو قازانج و سوودەکانی لەو ڕێککەوتنەدا دابین دەکرێ.

لەو وتووێژە تەلەفوونیانەدا هەروەها لەسەر بەڕێوەچوونی دیداری چڕ و پڕی کارناسی و هەروەها وتووێژ لە ئاستی وەزیرانیش گەیشتنە تەبایی.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەوی چوارشەممە چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک و داسەپێندرانەوەی بایکۆتەکان دژ بە تارانی ڕاگەیاند. ڕژێمی زایۆنی، عەرەبستان، ئیمارات و بەحرەین لە هەنگاوێکی هەواهەنگدا لە ڕیزی یەکەمینی ئەو ڕژێمانەیدا بوون کە داکۆکییان لەو هەنگاوەی ترەمپ کرد.

"فدریکا موگرینی" ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە لێدوانێکدا بە دەربڕینی ناڕەزامەندی خۆی لەو بڕیارەی ترەمپ، جەختی کرد لە سەر بەردەوام بوونی هاوکارییەکانی نێوان  یەکێتیی ئەورووپا و ئێران لە چوارچێوی ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا. ،بەریتانیا، فەرانسا و ئەڵمانیش ڕایانگەیاند کە هەر لەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەدا دەمێننەوە.

"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوە بەو کردەوەی ترەمپ، ڕایگەیاند کە تاران درێژە دەدات بە هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ پێنج وڵاتی دیکەی لایەنی ئەو ڕێککەوتننامەیە و بێتوو تاران قازانج و بەرژەونەدییەکانی لەو ڕێککەوتنەدا دابین نەکرێ، بڕیاری شیاو دەدات.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە بە بانگەشەی بێ دەسکەوت بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان) و هێنانە ئارای ژمارێک تۆمەتی بێ بنەما دژ بە ئێران، فەرمانی چوونەدەری وڵاتەکەی لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی دەرکرد. ئەو بڕیارەی ترەمپ بەرەو ڕووی نەیارەتیی ڕووسیا و چینیش بۆتەوە.

سەرپەیڤ