May 22, 2018 13:32 Asia/Tehran
  • موگرینی: بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکەی ئێران هیچ جێگرەوەیەک لەئارادا نیە

"فیدریکا موگرینی" ڕێکخەری هەڵوێستی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لەکاردانەوە بە قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وێرای پێداگری لە سەر وەفاداربوونی ئەو یەکێتییە بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وتیشی کە ئەو ڕێککەوتنە هیچ جێگرەوەیەکی دیکەی نیە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا؛ "فدریکا موگرینی" لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتیی ئەورووپادا بڵاو بوویەوە ، بە کاردانەوە نیشان دان بەرامبەر بە ڕاگەیاندرانی بەناو ستراتژیی نوێی ئەمریکا لە لایەن "مایک پۆمپێئۆ"ی وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە دژ بە ئێران ، وتیشی: ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و داکۆکیی بەردوام لەو ڕێککەوتنە دەسکەوتی سەرەکیی دیپلۆماسیی نیودەوڵەتییە کە ئاشتیانە بوونی توانا و دەسەڵاتی ئەتۆمیی ئێران دەستەبەر دەکات.

ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە ئاماژە بەوەی کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە هەر ١٠ ڕاپۆرتە وەرزانەکەیدا پێبەند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی پشت ڕاست کردۆتەوە وتیشی: ئاژانس ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە ئیزنی هەموو لێکۆڵینەوە و پشکینی پێویستیی لە لایەن ئێرانەوە پێ دراوە.

موگرینی راشکاوانە رایگەیاند: یەکێتیی ئەورووپا پێبەندە بە بەردەوام بوونی جێبەجێ کردنی تۆکمە و تەواوی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و تا ئەو کاتەی کە ئێران پێبەندە بە هەموو بەڵێن و ئەستۆگرییە ئەتۆمییەکانی، ئێمەش هەر پێبەند دەبین.

ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە ئاماژە بەوەی کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکەکەوتنی ئەتۆمیی پشت ڕاست کردۆتەوە ، وتی کە چاوەڕوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەموو لایەنەکانی ئەم ڕێککەوتنە ئەوەیە کە پێبەند بن بە بەڵێنەکانیان.

موگرینی هەروەها ئاسایی کرانەوەی پێوەندیی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ ئێرانی کە بەشێکی جیانەکراوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمییە، بە ئەرکی سەرشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زانی.

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وتاردانێکی تژی لە تۆمەتی بێ بنەما دژ بە ئێران، ستراتژیی نوێی واشینگتۆن بۆ بەرەنگاروونەوەی ئێران پاش چوونەدەری وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرانسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان) ڕاگەیاند.

پۆمپێئۆ بانگەشەی کرد ئەمریکا پاش چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەوڵ دەدات تاران بخاتە ژێر گوشارێکی قورسی دراوی و بایکۆتێکی بێ وێنەوە  و پێش بە پەرەسەندنی دزە و  و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە و ڕێککەوتنی ناڤۆکیی و مووشەکیی ئێران بگرێ.

 

سەرپەیڤ