May 24, 2018 13:48 Asia/Tehran
  • کاربەدەستێکی باڵای ئەورووپایی خوازیاری یەکریزی بوو بەرامبەر بە ئەمریکا

جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورووپایی ڕایگەیاند گرینگترین بەرپرسایەتیی ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی ٢٠١٨ دا ئەوەیە کە یەکدەنگ و بەهێز بەرامبەر بە کێشەنانەوەو گێچەڵی ئەمریکا ڕاوەستن.

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی یۆرۆئەکتیڤ؛ "فرانس تیمرمانس" جێگری کۆمسیۆنی ئەورووپایی وتی: ئەو ڕێگایەی کە یەکێتیی ئەورووپا بۆ چارەسەر کردنی کێشەی بازرگانی لەگەڵ واشینگتۆن و بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش (ڕێککەوتنی ئەتۆمی) دەیگرێتە بەر، داهاتووی ئەورووپا لە ئاستی جیهانی دیاری دەکات.

تیمرمانس سەبارەت بە کێشە و ناکۆکیی بازرگانیی نیوان بروکسێل و واشینگتۆنیش وتی: دەبێ لە کورتماوەدا بەرامبەر بەو کەسانەی کە بڕوایان بە بازرگانیی ئازاد نییە و کێشە و تەگەرە دەنێنەوە، وەڵامێکی یەکگرتوو  و ڕوونمان هەبێ.

تیمرمانس وتیشی:لە پێوەندییەکانی نێوان ئەمبەر و ئەوبەری ئۆقیانووسی ئەتڵەسدا هەندێ پرسی گرینگی وەک بازرگانی و ئاسایش تووشی کێشە و گرفت بوونە.

ئەندامی باڵای کۆمیسیۆنی ئەروووپا راشیگەیاند؛ دەوڵەتی تەرمپ یەکەم دەوڵەتە لە ئەمریکادا کە پێی وایە سوودی ئەمریکا لەوەدایە کە ئەروووپا پرژ و بڵاو بێ و یەکدەنگ نەبێ و ئەوەش بەڕاستی کێشە و گرفت بۆ ئەورووپا ساز دەکات.

ئەوە لە کاتێکدایە کە "دۆنالد توسک" سەرۆکی ئەنجومەنی ئەورووپایی هەفتەی ڕابردوو وتبووی کە ئەورووپا تا کاتێک کە دۆستێکی وەک ترەمپی هەبێ ئیتر پێویستی بە دوژمن نابێ."

سەرپەیڤ