May 27, 2018 14:47 Asia/Tehran
  • ڕێبەرانی ھەردووک کۆریا لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە یەکەمی ژوئەن چاویان بە یەکتر بکەوێت

ھەواڵدەریی (کەی سی ئێن ئەی) ئەمڕۆ یەکشەممە وای بڵاو کردەوە کە کۆریای باکووری و کۆریای باشووری، یەکەمی ژوئەن جارێکی تر پێکەوە دانوستان دەکەن. ئەم ڕێککەوتنە ڕۆژی شەممە لە ڕەوتی چاوپێکەوتنی ڕێبەرانی ھەردووک کۆریا لە گوندی پانمونجوم مسۆگەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیسنا، میدیای فەرمیی کۆریای باکووری ناسراو بە ھەواڵدەریی (کەی سی ئێن ئەی) وای بڵاو کردەوە کە: ڕێبەرانی  کۆریای باکووری و کۆریای باشووری لەسەر ئەوە ڕێک کەوتوون کە دانوستانی ئاستی باڵای باکووڕ-باشوور، لە یەکەمی ژوئەن ( ھەینی ١١ی جۆزەردان) ئەنجام بدەن.

لە سەر ئەوەش ڕێککەوتوون  کە ڕەوتی دانوستان لە بوارەی جۆربەجۆر، لەوانە وتووێژی کاربەدەستانی سەربازی و خاچی سوور لەداھاتوودا خێراتر بیتەوەو چاوپێکەوتنی ڕێبەرانی ھەردووک کۆریا لە داھاتووش دا دووپات بێتەوە.

(کەی سی ئێن ئەی) ڕاشیگەیاندووە: ھەردووک لا ھەروەھا لە سەر ھۆگریی ھاوبەشیان بۆ وەدی ھاتنی مەرجەکانی جاڕنامەی پانمونجوم بەزووترین کات پێیان داگرتووەو لە سەر ئەوەش ڕێککەوتوون کە ھەوڵێکی ھاوبەش لە بواری چەک داماڵین لە نیمچە دوورگەی کۆریا بخەنە گەڕ.

ڕێبەری کۆریای باکووری ھەروەھا لە سەر نیازی لێبڕاوانەی بۆ بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی دانوستانی کۆریای باکووری لەگەڵ ئەمریکادا کە بۆ ١٢ی ژوئەن بەرتنامەی بۆ دانراوە ، پێی داگرتووە.

کۆشکی سپی ڕۆژی پێنج شەممە بەبڵاو کردنەوەی نامەیەکی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕڕلە کیم جونگ ئون ، ڕێبەری کۆریای باکووری باسی ھەڵوەشانەوەی کۆبوونەوەی باسکراوی کرد کە بۆ ١٢ی ژوئەن لە سەنگاپووردا بەرنامەی بۆ دانراوە. سەرباری ئەمەش ترەمپ ڕۆژی ھەینی بە پەیامنێرانی وت : ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ھێشتاش لەگەڵ کۆریای باکووری خەریکی ڕاوێژە و لەوانەیە کۆبوونەوەکە ھەر لە ھەمان ڕۆژی دیاری کراودا بەڕێوە بچێت.

جێگای ئاماژەیە کە ڕێبەرانی ھەردووک کۆریا ڕۆژی شەممە بۆ دووھەمین جار چاویان بە یەکتر کەوت.