حوزه‌یران 29, 2018 18:57 Asia/Tehran
  • ئێران بیانووی تازەی ئەمریکایە بۆ دروست کردنی ئاڵۆزی لە بازاڕی نەوتی جیھان

وەزیری وزەی ئەمریکا لە ھەوڵدانێکدا بۆ دروست کردنی ئاڵۆزی و ناکۆکی لەنێوان ئێران و بەرھەمھێنەرانی دیکەی نەوت، ھیواداری دەربڕی کە ئەندامانی ئۆپێک ھاوڕێ لەگەڵ ڕووسیا، دابەزینی ئاستی ناردەی نەوتی ئێران دوای گەڕاندنەوەی بایکۆتە ئەمریکیەکانی دژی ئێران، قەرەبوو کەنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ڕۆیتێرز ، ڕیک پێری وەزیری وزەی ئەمریکا ڕۆژی پێنج شەممە وێڕای ھیواداری دەربڕین لەمەڕ قەرەبوو کرانەوەی دابەزینی ئاستی ھەناردەی نەوتی ئێران ، وتی : ڕاگیرانی ناردەی نەوتی ئێران دەبێتە ھەلێک بۆ ئەندامانی دیکەی ئۆپێک .

پێری کە لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە پەراوێزی کۆنفرانسی جیھانیی گاز لە واشێنگتۆن قسەی دەکرد، دانی نا بە ھەگەری بەرز بوونەوەی نرخی جیھانیی نەوت دوای بایکۆت کردنی ئێران و وتیشی: ڕاستە گوشار دەکەوێتە سەر بازاڕ، بەڵام ئەمە خۆی لە خۆی دا دەبێتە ھەلێک بۆ ئەندامانی ئوپێک ھەتا ئەو بۆشاییە پڕ کەنەوە.

وەزیری وزەی ئەمریکا وتیشی: دڵنیام کە عەرەبستانی سەعودی دەتوانێ بەرھەمھێنانی نەوتی خۆی زیاد کات و بیگەیەنێتە یانزە ملوێن بەرمیل لە ڕۆژدا و ڕووسیاش بەرھەمھێنانی خۆی پەرە پێ بدات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم حەوتەیەدا ھەڕەشەی کرد کە تەواوی ئەو وڵاتانەی کە نەوت لە ئێرانەوە ھاوردە دەکەن دەبێ ئەو ھەوڵەیان ھەتا چوارەمی نوامبری ٢٠١٨ بە ئاستی سیفر بگەیەنن .

کاربەدەستێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنج شەممە وێڕای پاشگەز بوونەوەی لەو ھەڵوێستە پێی داگرت: ڕەنگە ھەتا چوارەمی نوامبری ٢٠١٨  ھلوردە کردنی نەوت لە ئێرانەوە بە ئاستی سیفر نەگات.

داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوابەدوای کشانەوەی ئەم وڵاتە لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران ،  داوای لە وڵاتانی لایەنی سات و سەودا لەگەڵ ئێران کردووە کە ھەتا مانگی نوامبری ٢٠١٨ کڕینی نەوت لەم وڵاتە ڕابگرن و ھیچ ھەڵاواردنێکیشی لەم بوارەدا نەکردووە.

 سەرۆک کۆماری ئەمریکا ، هەشتەمی مانگی مەی بە دووپات کردنەوەی بوختانگەلی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران کشانەوەی واشێنگتۆن لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی و گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی ناڤۆکیی بۆ ماوەی سێ ھەتا شەش مانگی داھاتوو ڕاگەیاند.

ئەمریکا بۆ گوشارخستنەسەر ئێران ھەوڵ دەدات ھەتا فرۆشرانی نەوتی نەپاڵاوتەی ئەم وڵاتە بگەیەنێتە ئاستی سیفر. بەڵام سەرباری چەواشەکاریی میدیایی و دیپلۆماسیی ئەمریکا لە ئاراستەی پەرە پێ دانی بەگۆترەی بەرھەمھێنانی نەوت، بەرھەمھێنەرانی ئۆپێک بە ئەندام و نائەندامەوە لەوانە ڕووسیا حەوتەی ڕابردوو لە سەر ئەوە ڕێک کەوتن کە ڕادەی بەرھەمھێنانی نەوت زیاتر لەو ڕادەیەکی کە لە سەرەتای ئەمساڵی زایینی واتە ٢٠١٨ لە سەری ڕێککەوتوون، پەرە پێ نەدەن .

سەرپەیڤ