ته‌مووز 09, 2018 02:47 Asia/Tehran
  • ترەمپ ئەمجارەیان بەرۆکی ڕۆژنامەکان دەگرێت

داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە دوا ھەڵوێستی دا ڕمی ململانێکانی ئاراستەی ڕۆژنامە ناودارەکانی وڵاتەکەی دەکات و خەڵک بۆ بایکۆت کردنیان ھەڵدەخڕێنێ .

بە گوێرەی ھەواڵێکی پێگەی سکای نیوز، داناڵد تره‌مپى سه‌رۆکى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ توییتێک دا هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر هه‌ردووک رۆژنامه‌ى ناوداری نیویۆرک تایمز  و واشێنگتۆن پۆستى وڵاتەکەی و داواش له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌کات ئه‌کاونته‌کانى ئه‌م دوو رۆژنامه‌یه‌ دابخه‌ن.

پێگه‌ى سکای نیوز لەم بارەیەوە ئاماژه‌ى کردووەتە به‌ توییتێکى داناڵد تره‌مپى سه‌رۆکى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا ، که‌ تێیدا هێرشى کردووه‌ته‌ سه‌ر دوو رۆژنامه‌ى به‌ناوبانگى ئه‌مه‌ریکى کە نیویۆرک تایمز  و واشێنگتۆن پۆستن.

تره‌مپ لە توییتەکەی دا نووسیویه‌تى: تویته‌ر به‌ خێرایییه‌کى پێوانه‌یى ئه‌کاونته‌ ساخته‌کان ده‌سڕێته‌وه‌ ، بەڵام داخۆم  ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ئه‌کاونته‌کانى نیویۆرک تایمزو واشێنگتۆن پۆستیش ده‌گرێته‌وه‌.

ناوبراو ھەر لەو نووسینەی دا جەختی کردووە: ئایا ئه‌و پرۆسه‌یه‌ نیویۆرک تایمزى فاشیل و واشێنگتۆن پۆستیش ده‌گرێته‌وه‌ که‌ به‌رده‌وام زانیارى له‌ ھێندێک سه‌رچاوه‌ى نادیارو بڕوا پێنەکراوەوە  ده‌گوازنه‌وه‌ که‌ به‌بڕواى من ھەر بوونیشیان نییه‌؟.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە دڵنیاییەوە ڕایگەیاندووە: گومانم لەوەدا نییە کە هه‌ردووک رۆژنامه‌که‌ له‌ ماوه‌ى حه‌وت ساڵى داهاتوو ده‌وه‌ستن و پەکیان دەکەوێت.

ئەم ھێرشە ڕاستەوخۆیەی داناڵد تره‌مپى سه‌رۆکى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا دوای ئەوە دێت کە ماوەیەک لەمەوبەریش  له‌ کۆنگره‌که‌یه‌کى رۆژنامه‌وانى دا وێڕای سوکایەتی کردن بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند: ناده‌ستپاکىی ده‌زگاکانى راگه‌یاندن گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێک کە ناکرێت کۆنتڕۆڵ بکرێن و دیارە ئەمەش جێگای قەبوڵ نییە.

کارناسان وادەی حەوت ساڵی داھاتووی داناڵدترەمپ بۆ پەک کەوتنی ھەردووک بڵاوکراوە ناودارەکەی ئەمریکا واتە نیویۆرک تایمزو واشێنگتۆن پۆست وەک ھەڕەشەیەک بۆ داخستنی ئەو دوو ڕۆژنامەیە لێک دەدەنەوە .

سەرپەیڤ