ته‌مووز 17, 2018 23:22 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی ئەنجومەنی سینای ئەفغانستان بە بڕیاری ئەمریکا لەمەڕ وتووێژ لەگەڵ تالیبان

سەرۆکی ئەنجومەنی سینای ئەفغانستان لە کاردانەوە بە بڕیاری ئەمریکا لەمەڕ وتووێژ لەگەڵ تالیبان وتی: هەرجۆرە وتووێژی ئاشتیخوازانە دەبێ بە بەڕێوەبەرایەتی ئەفغانەکان ئەنجام بگرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری سەدا وسیما لە کابولەوە، " فەزڵ هادی موسلیم یار" ڕۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەی ئاشکرای ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەفغانستان وتی: ئەم وڵاتە کۆڵۆنیای ئەمریکا نیە وهەرجۆرە وتووێژی ئاشتی دەبێ بە بەڕێوەبەرایەتی ئەفغانەکان بەڕێوە بچێت. وتیشی: ئەگەر بێتۆ ئەمریکیەکان لە وتووێژەکانی ئاشتی سەرەتی وپشکێک بۆ گروپی تالیبان لەبەر چاو بگرن لەلایەن خەڵکی ئەفغانستانەوە قەبوڵکراو نیە وکێشەی نوێ بەدی دێت. سەرۆکی ئەنجومەنی سینای ئەفغانستان وتیشی: خەڵکی ئەم وڵاتە کۆتایی شەڕ وچوونەدەری سەربازانی بیانی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا لە ئەفغانستان داوا دەکەن. هەرلەم پێوەندیەدا شار حسێن مورتەزەوی جێگری وتەبێژی سەرۆک کۆماری ئەفغانستان وتی: هەرجۆرە وتووێژی ئاشتی لەگەڵ تالیبان لەمەڕ داهاتووی سیاسیی ئەم وڵاتە دەبێ لە نێوان ئەم گروپە ودەوڵەتی ئەشرەف غەنی ئەنجام بگرێت. وتیشی : ئەمریکا ناتوانێ جێگرەوەیەک بۆ خەڵک ودەوڵەتی ئەم وڵاتە لە وتووێژەکانی ئاشتی لەگەڵ تاڵیبان بێت ودەوڵەتی ئەفغانستان لە هەر وتووێژێکی بنەمایی لەگەڵ تالیبان دەبێ ئامادە بێت. ئەم دواییە ڕاپۆرتی دژ بە یەک لە مەڕئامادە بوونی ئەمریکا بۆ دەسپێکرانی وتووێژەکانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاڵیبان بڵاو کراوەتەوە کە کاردانەوەی کۆشکی سەرۆک کۆمارەتی ئەفغانستانی بەدواوە بووە. کارناسانی پرسە سیاسیەکانی ناوچە، ئەمریکا تاوانبار دەکەن کە بە گرتنی ڕێکاری دووفاقانە لەدووی تێکدانی ڕەوتی ئاشتی ئەفغانستانە چونکە واشنتۆن خوازیاری کۆتایی شەڕوچوونەدەر لەم وڵاتە نیە. تاڵیبان زۆر جار هەرجۆرە وتووێژی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی ئەفغانستانی بەستووەتەوە بە چوونەدەری سەربازانی بیانی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا لە ئەفغانستان .