ته‌مووز 19, 2018 07:57 Asia/Tehran
  • باڵیۆزی ڕووسیا: بوونی ئێران لە سووریا یاساییە

باڵیۆزی ڕووسیا لە تاران وتی: بوونی ئێران لە سووریا یاساییە، بە پێی ویست و خواستی دیمەشق لەم وڵاتەدایە و لە شەڕی دژ بە تیرۆریستان بەشداری دەکات.

"لوان جاگاریان" Luan Jagarian باڵیۆزی ڕووسیا لە تاران لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی کامێرسانت Komersant چاپی مۆسکۆ، سەبارەت بە ئەگەری گوشاری مۆسکۆ لە سەر تاران بۆ بردنەدەری هێزە سەربازییەکانی لە سووریا، ڕایگەیاند: ئێران وڵاتێک نییە کە بکرێ وەبن گوشاری بنێی، تاران سیاسەتی دەرەوەیی سەربەخۆی هەیە، لەگەڵ ئێرانییەکان دەتوانین کار بکەین بەڵام وەبن گوشار نانیان هەر گونجاو نییە.

باڵیۆزی ڕووسیا لە تاران هەروەها سەبارەت بە ئەگەری کڕینی نەوت لە ئێران پاش مانگی نۆڤەمبەری داهاتوو، وتیشی: ڕووسیا بایکۆتی یەکلایەنەی ئەمریکا قەبووڵ ناکات و ئەو بایکۆتانە نایاسایین، لەبەر ئەوەی کە تاران لە چوارچێوی ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا پێبەند بووە بە هەموو بەڵێن و ئەستۆگریییەکانی و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش بەجاران ئەو مەسەلەیەی پشت ڕاست کردۆتەوە.

جاگاریان ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئەوەی کە زلهێزانی ئەورووپایی بریتی لە فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمان دان بەو راستییەدا دەنێن کە ئێران لە چوارچێوی بەڵێن و ئەستۆگرییەکانیدا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەجوڵێتەوە و بۆچوونی ئەمریکا لەم بارەوە درووست نییە مەسەلەیەکی تەواو گرینگە.

باڵیۆزی ڕووسیا لە تاران سەبارەت بە ڕێکاری دەوڵەتە ئەورووپاییەکان بۆ پێشگری بە بایکۆتەکانی ئەمریکا لە هاوکاری لەگەڵ ئێران، ڕاشیگەیاند: وڵاتانی ئەورووپایی ئەو یاساییەی بە کاردێنن کە ساڵی ١٩٩٦ بۆ بەرگری لە کۆمپانییە ئەورووپاییەکان بەرامبەر بە بایکۆتەکانی ئەمریکا پەسەن کرا.

"لوان جاگاریان" هەروەها سەبارەت بە پێوەندیی دوولایەنەی مۆسکۆ و تاران جەختی کرد: پێوەندیی بازرگانی و ئابووریی نێوان ئێران و ڕووسیا پەرە دەستێنێ و دوو وڵات چەندین گەڵاڵەی گەورەیان هەیە کە خەریکی جێبەجێ کرانن، ڕۆنانی دووەمین و سێهەمین یەکەی هێزگەی ئەتۆمیی بووشێهر، ڕۆنانی چوار بلۆک هێزگەی کارەبای تین لە پارێزگای هورموزگان و بە کارەبایی کردنی هێڵی ئاسنەڕێی نێوان گەرمسار _ ئینچە بروون لەو گەڵاڵانە دێنە ئەژمار.

 

سەرپەیڤ