ته‌مووز 19, 2018 19:02 Asia/Tehran
  • بەڕێوەبەری نووسینگەی (ئێف بی ئای)ی ئەمریکا:رووسیا بە شێوەیەکی سەر داپۆشراو هەوڵی دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا داوە

کریستۆفەر رەی بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (ئێف بی ئای)ی جەختی کرد: لە بارەی دەستوەردانی ڕووسیا لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بۆچوونی ناوەندە هەواڵگرییەکان نەگۆڕاوەو دیارە بۆچوونی منیش ناگۆڕێت.

کریستۆفەر رەی بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا  (ئێف بی ئای)ی رایگەیاند: دامەزراوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا پێیانوایە روسیا بە شێوەیەکی نهێنی و شاراوە هەوڵی دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا داوە.

کریستۆفەر رەی سەرباری ئەوەی کە ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆک کۆماری رووسیا ڕەتی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی دەستی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکادا وەردابێت ، رایگەیاند: هێشتا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هەوڵ بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکان دراوە.

کریستۆفەر رەی لە میانی کۆڕبەندی ئاسایشی ئاسپێن کە لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ ناوەڕاستی ئەمەریکا سازکرا بوو وێڕای ئاماژە کردن بەوەی  کە، دامەزراوە هەواڵگرییەکان پێیانوایە رووسیا بە شێوەیەکی سەر داپۆشراو هەوڵی دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا داوە،  وتیشی: بۆچوونی ناوەندە هەواڵگرییەکان نەگۆڕاوە و بەم پێیە دیارە بۆچوونی منیش ناگۆڕێت. بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا  (ئێف بی ئای) وتیشی: جگە لە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا، رووسیا تواناکانی خۆی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی درووستکردنی قەڵەمڕەوێک لەنێو ئەمریکادا بە مەبەستی خوڵقاندنی جیاکاری و پێکدادان چڕکردووەتەوە.

کریستۆفەر پێشی داگرت: بە بڕوای من ئەمە هەڕەشەیەکە کە پێویستە زۆر بە جددی وەربگیرێت و وەڵامێکی مکوڕانەی بدرێتەوە.

جێگای ئاماژەیە داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەپرێس کونفڕانسێکی  هاوبەشدا  لە گەڵ ڤیلادیمیر  پووتینی سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە چاوپێکەوتنەکەی ئەم دواییەی لە ھێلسینکی  سەبارەت بە دەسوەردانی  موسکۆ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی  ئەمریکا ڕایگەیاند بوو: هیچ بەڵگەیەک لەمەڕ ئەمەی کە  ڕووسیا دەستی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی  2016ی ئەمریکادا وەردا بێت، لە ئاردانیە . ئەو وتانەی  تڕەمپ  لە گەڵ  ڕەخنەی بەربڵاوی  کاربەدەستان و سیاسەتوانانی  ئەمریکی دا بەرەوڕوو بووەتەوە. ڕووسیا لە لایەن دامەزراوە هەواڵگرییەکان و هەروەها پارتی دیموکراتی  ئەمریکاوە  تاوانبار کراوە بە دەسوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی 2016ی ئەو وڵاتە بۆ لاگری کردن لە داناڵدتڕەمپ و کەچی موسکۆ بە جاران ئەو تۆمەتەی ڕەت کردووەتەوە .