ته‌مووز 22, 2018 12:40 Asia/Tehran

لەڕەشنووسی گەڵاڵەی یاسای بنەڕەتیی نوێی کوبادا، ووشەی "کۆمۆنیزم" نەماوەو جێی خۆی داوە بە پێداگری لەسەر "سیستەمی سۆسیالیزم".

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی رۆیتەرز، ڕەشنووسی گەڵاڵەی یاسای بنەڕەتی نوێی کوبا کە تاووتوێکرانی لە رۆژی شەممەوە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەس پێ کرا، بۆ یەکەمجار خاوەنیەتی تایبەتی لە کوبای بەڕەسمییەت ناسی.

لە بەشە گرینگەکانی دیکەی ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتی نوێی کوبا، کەمکرانی خولی سەرۆک کۆماریی بۆ دوو خولی پێنج ساڵان و دیاریکرانی تەمەنی بەلانی زۆر شەست ساڵان لە دەسپێکی خولی یەکەمی سەرۆک کۆمارەتی هەرکەسێکە.

بێتوو ئەو گەڵاڵەیە پەسەند بکرێ، پۆستی سەرۆک وەزیریی زیاد دەکاو سەرۆک پەرلەمان هاوکات وەک سەرۆکی ئەنجومەنی حکومەت دیاری دەکا.

سەرباری ئەوەش، یاسای بنەڕەتی نوێی کوبا هەروا جەخت لەوە دەکاتەوە کە پارتی کۆمۆنیست تەنیا پارتی سیاسی ئەو وڵاتەو دوابڕیارە لە دیاریکرانی سیاسەتە گشتییەکان.

گەڵاڵەی هەموارکرانی دەستوور دەبێ پاش پشت ڕاست کرانەوەی لەلایەن پەرلەمانی کوباو ئەنجومەنی چاودێریی، بخرێتە بەردەنگدانی گشتی.

هاوکات لەگەڵ تاووتوێکرانی ئەو گەڵاڵەیە، میگۆئێل دیاز کانل سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەش ڕۆژی شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی ناساند و لەزۆربەی وەزارتخانەکان، وەزیرانی دەوڵەتی "رائول کاسترۆ" سەرۆک کۆماری پێشووی ئەو وڵاتە لەپۆستەکەی هێشتەوە.