ئاب 10, 2018 13:04 Asia/Tehran
  • کۆریای باکوور: بایکۆتەکانی ئەمریکا ڕەوتی چەکداماڵینی ئەتۆمی ڕادەگرێ

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ گوشارەکانی ئەمریکا لە ڕێگای داسەپاندنی بایکۆت دژ بە "پیونگ یانگ" ڕەوتی هەنگاو نان بەرەو چەکداماڵینی ئەتۆمی لە شێوەی دوورگەی کۆریا پەک پێ دەخات.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرەنسا؛ وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور لە بەیاننامەی ڕۆژی پێنجشەممەی خۆیدا واشینگتۆنی تۆمەتبار کرد بە سووکایەتی کردن بە لایەنی دانوستان و تیابردنی ئەو هەنگاوە راستبێژانەیەی کە لە پێناو متمانە بەدیهێنان هەڵگیراون.

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور لە بەیاننامەی خۆیدا وتیشی: چاوەڕێی دەسڕاگەیشرتن بە هەر ئەنجامێک لەو دانوستانانە لە باروودۆخی هەنووکەدا بیرێکی ساویلکانەیە. لەم بەیاننامەیەدا هەروەها هاتووە: هەتا ئەو کاتەی کە ئەمریکا مەرجی سەرەکیی دانوستان کە هەمان ڕێزدانان بۆ وتووێژە لەبەرچاو نەگرێ، ناتوانین چاوەڕێی ئەوە بین کە بەیاننامەی هاوبەشی نێوان پیونگ یانگ و واشینگتۆن لەوان چەکداماڵینی ئەتۆمی بگاتە قۆناغی جێبەجی کرانەوە.

هەواڵدەریی یونهاپ پێشتر راپۆرتی دابوو کە "مایک پۆمپێئۆ" ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کەمتر لە سێ مانگی ڕابردوودا بۆ چوارەمین جار و بە مەبەستی قەناعەت پێ کردنی "کیم جونگ ئون" ڕێبەری کۆریای باکوور بۆ جێبەجی کردنی پلانی چەکداماڵینی ئەتۆمیی شێوەدوورگەی کۆریا، سەردانی پیونگ یانگ دەکات.

لە دوایین سەفەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کۆریای باکوور، ناوبراو نەیتوانی دیداری لەگەڵ "کیم جونگ ئون" ڕێبەری ئەم وڵاتە هەبێ. کاربەدەستانی پیونگ یانگ ڕایانگەیاند کە کردەوە و ئاکاری پۆمپێئۆ و کاربەدەستانی ئەمریکایی لەو سەفەرەدا ملهوڕانە بووە.

پێشتریش "جان بۆڵتۆن" ڕاوێژکاری توندڕەوی ئەمریکایی جەختی کردبوو لە سەر چەکداماڵینی ئەتۆمی و وتبووی هەتا ئەو چەکداماڵینە بە تەواوەتی ئەنجام نەدرێ بایکۆتەکانی دژ بە پیونگ یانگ هەر بەردەوام دەبێ.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەگەڵ "کیم جونگ ئون"ی ڕێبەری کۆریای باکوور لە سەنگاپوور دیداری کرد و ئەو دیدارەی بە گەلێک بنیاتنەر و کارتێکەر وەسف کردبوو.

سەرپەیڤ