ئاب 15, 2018 13:20 Asia/Tehran
  • سکاڵای چین لە ئەمریکا بۆ ڕێکخراوی تیجارەتی جیهانی

وەزارەتی بازرگانیی چین سکاڵای لە ئەمریکا بردە ڕێکخراوی تیجارەتی جیهانی.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، "گائۆ فێنگ" وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی چین ئەمڕۆ چوارشەممە لەنێو پەیامنێرانی ناوخۆیی و دەرەوەیی لە پیکەن ڕایگەیاند، پیکەن پرۆسەی چارەسەریی  کێشە لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی بەرهەم وبەرووبووی وزە نوێکان و ئەو وزانەی سەرلەنوێ بەکاردەهێنرێنەوە، لەڕێکخراوی تیجارەتی جیهانی دەس پێ کردووە.

"گائۆ فێنگ" وتی: ئەمریکا سەتا سی نرخی گومرکی لەسەر کاڵاگەلی بەرهەم هاتووی بواری ئەو وزانەی سەرلەنوێ بەکاردەهێنرێنەوە، داناوەو سوبسید دەدا بە بەرهەم هێنەرانی ئەو جۆرە کاڵایانەو کاڵای دیکەی هاوپێوەند بە وزە نوێکان لە ئەمریکا کە بەزیانی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی چینە.

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی چین داوای لە ئەمریکا کرد ڕێز بگرێ لە یاساوڕێساکانی ڕێکخراوی تیجارەتی جیهانی و جێ بەجێ کرانی ڕێوشوێنی نادروست ونەگونجاو ڕابگرێ.

بەرەوڕووبوونەوەی تیجاریی ئەمریکاو چین پاش بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ زیادکردنی نرخی گومرکی بۆ وێنە، لەسەر پۆڵاو ئەلمنیۆمی هاوردەکراو لە چین لە هەشتی مانگی مارسی٢٠١٨ دەس پێ بووە.

دوابەدوای سەپێندرانی سزای زیادتری گومرکیی ئەمریکا لەسەر کاڵاهاوردەییە چینیەکان لەدوو حەوتەی ڕابردوو ، شەڕی تیجاریی نێوان دوو وڵات پەرەی سەندووە.