ئاب 15, 2018 19:47 Asia/Tehran
  • نەیارەتیی بریتانیا لەگەڵ داخوازیی دژە ئێرانیی ئەمریکا

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی بریتانیا، وێڕای پێداگرتن لە سەر پێبەند بوونی لەندەن بە بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام، داخوازیی ئەمریکا بۆ ھاوتەریبی لەگەڵ بایکۆتەکانی دژی ئێرانی ڕەت کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس ، دوای ئەوەی کە وودی جانسۆن باڵوێزی ئەمریکا لە لەندەن داوای ھاوتەریبیی بریتانیای کرد لەگەڵ ھەڵوێستی واشێنگتۆن لەمەڕ کشانەوەی لە ڕێکەوتنی ناڤۆکیی بەرجام، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند: لەندەن پێبەندی بەرنامەی تۆکمەی ھەنگاوی ھاوبەش( ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام) دەبێت.

وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە: لەندەن وێڕای پێبەند بوون بە ھەل و مەرجی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام، بەنیازیشە ئەو کۆمپانیاگەلەی کە ھاوکاریی ئێران دەکەن لە لێکەوتەکانی بایکۆتەکەی ئەمریکا بپارێزێت.

ماوەیەک لەمەوپێش وودی جانسۆن داوای لە لەندەن کرد بوو لە باتی پشتگری کردن لە ھەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا لە بەرامبەر ئێران، پشتی واشێنگتۆن بگرێت و لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام بکشێتەوە.

باڵوێزی ئەمریکا لە لەندەن ھەروەھا وێڕای دیاری کردنی مۆڵەتێکی ڕاشکاوانە بۆ کۆمپانیاکانی بریتانی لەمەڕ ڕاگرتنی بازرگانی کردنیان لەگەڵ ئێران، وشداریی دابوو کە ئەگەر وانەکەن لەگەڵ شوێنھاتێکی نالەباردا لە ڕووی سات و سەودا لەگەڵ ئەمریکا بەرەوڕوو دەبنەوە.

داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مای بە بانگەشەی بێ دەرەنجام بوونی بەرنامەی تۆکمەی ھەنگاوی ھاوبەش (بەرجام)  فەرمانی کشانەوە لە ڕێککەوتننامەی ناڤۆکیی پێنج کۆ یەکی کە لە لایەن ڕێکخراوەی نەتەوەکانیشەوە پەسەند کرا بوو، واژۆ کرد.ترەمپ ڕۆژی دووشەممە شەشەمی ئوتیش لە فەرمانێکدا ھێندێک لە بایکۆتە نایاساییەکانی ئەو وڵاتە دژی ئێرانی لە بەشی زێڕو ترۆمبیل سازی دا گەڕاندەوە .

یەکێتیی ئەورووپاش بۆ پاراستنی کۆمپانیا ئەورووپییەکانی خاوەنی گرێبەست لەگەڵ ئێران لە لێکەوتەی بایکۆتەکانی ئەمریکا، یاسای قەرەبوو کردنەوەی خۆی ڕاپەڕاند.

بە پێی ئەم یاسایە ئەگەر کۆمپانیایەک لە بەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران لە لایەن ئەمریکاوە تەمێ بکرێت دەتوانێ زیانبایی وەربگرێت.