ئاب 16, 2018 13:30 Asia/Tehran
  • سێرگئی لاڤرۆف: کۆنوانسیۆنی خەزەر، بنەمایەکە بۆ هاوکارییە جیهانییەکان

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، جارێکی دیکە بەپێداگری لەسەر گرینگیی ئیمزاکرانی کۆنوانسیۆنی سیستەمی مافەوانیی دەریای خەزەر، ئەوەی بە بنەمایەک بۆ هاوکارییە جیهانییەکان زانی.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، سێرگئی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی ڕووسیا رۆژی چوارشەممە وتی: ئەوەی کە سەرۆک کۆمارانی پێنج وڵاتی دانیشتنی خەزەر لە کۆنوانسیۆنەکە وەک ڕێککەوتنێکی مێژوویی یادیان کردووەو پەسنیان داوە، زەق کردنەوەی نییە چونکە گەییشتن بەو ڕێککەوتنە بیست و دوو ساڵی خایاندو کارێکی هاسان نەبوو.

سێرگئی لاڤرۆف وتیشی: ئەو کۆنوانسیۆنە لەدیسەمبەری٢٠١٧ لە مۆسکۆ لەلایەن وەزیرانی پێنج وڵاتەوە ڕێککەوتنی لەسەرکراو لەو بەروارەدا هەوڵی زۆردرا بۆ وەرگێڕانی .

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی: ئەو کۆنوانسیۆنە، دۆخی مافەوانیی خەزەری دیاری کردووەو بواری پێویستی ڕەخساند بۆ گەییشتن بەڕێککەوتن لەمەڕ پرسە هەستیارەکانی وەک پێناسەکرانی ئاستی ئاو و شێوازەکانی بەکارهاتوو بۆ سەروەریی سنووری ئاویی هەر وڵاتێک کە ئەوەش زۆر گرینگە.

پێنجەمین دانیشتنی سەرانی وڵاتانی دەڤەری دەریای خەزەر رۆژی یەکشەممە ١٢ی ئاگۆست لەشاری بەندەریی "ئاکتاو"ی کۆماری قەزاقستان بەئامادەبوونی سەرانی پێنج وڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووسیا، کۆماری ئازەربایجان، قەزاقستان و تورکەمەنستان بەڕێوە چوو.