ئاب 17, 2018 12:38 Asia/Tehran
  • ھەڕەشەو گوڕەشەی تازەی ترەمپ لە کاربەدەستانی تورکیا

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەوی رابردوو لە پۆستێکدا ھەڕەشەی کرد،واشێنگتۆن لە بەرامبەر ئازادکرانی کەسێکی بێ تاوان ھیچ باجێک بەئانکارا نادات و تورکیا بەو سزاو بایکۆتە تازانەی کە بۆی دیاری کردووە دەخنکێنێت، کاربەدەستانی تورکیاش دەڵێن: بە زمانی ھەڕەشە دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا ناکەن.

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەوی رابردوو لە ھەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتییەکەی دا  پۆستێکی نوێی بڵاودەکاتەوە و تیای دا بەڵێنی داوە کە خۆی وتەنی تورکیا بە کۆمەڵێک سزاو بایکۆتی تازە دەخنکێنێت.

ترەمپ لەو پۆستەی دا جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە، تورکیا سوکایەتی بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووەو ھەربۆیە دەبێ بەو سزاو بایکۆتە تازانەی کە بۆی دیاری کراوە بخنکێندرێت.

ناوبراو درێژی پۆستەکەیدا ڕاشیگەیاندووە کە ، وەکوو دەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا  ئامادەنین لە بەرامبەر ئازادکرانی کەسێکی بێ تاوان ھیچ باجێک بە تورکیا بدەن کە دیارە مەبەستی قەشە برۆنسۆنی ئەمریکییە کە لای کاربەدەستانی تورکیا لە ماڵەکەی دا دەستبەسەرە.

لای خۆشیەوە ستیڤن منوچین وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکاش ئەوەی ئاشکرای کردووە کە ژمارەیەک سزای ئامادەکراو لەبەردەستدایە بۆ سەپاندنی بەسەر تورکیادا.

ئەمە لە ھەل و مەرجێکدایە کە کاربەدەستانی دەوڵەتی دادوگەشەی تورکیا لە بەرامبەر ئەو ھەڕەشەو گوڕەشانەی بەرپرسانی ئەمریکی لە زاری وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە واتە مەولوود چاووش ئوغلووەوە ڕایانگەیاندووە کە، بەو شێوە ئاخاوتنەی ئەمریکا ناتوانن لەگەڵ دەوڵەتی ئەو وڵاتەدا ڕێک بکەون، وڵاتەکەی ئامادەیە ھەتا بەبێ ھەڕەشەو گوڕەشە سەبارەت بە کێشەکانی ئێستا لەگەڵ ئەمریکا دانوستان بکات.

پەیوەندییەکانی دەوڵەتی ئانکاراو کۆشکی سپی کە بەرلەمەش لە بەر ھێندێک ھۆکاری وەک پشتگریی سەربازیی  واشێنگتۆن لە شەڕڤانانی کوردی سووریاو نەخشەی ڕێگای منبەج، ڕادەست نەکردنەوەی فەتحوڵڵا گوێلەن کە تورکیا بەگەڵاڵەداڕێژی سەرەکیی کودەتا ناسەرکەوتووەکەی ١٥ی ژوولای٢٠١٦ی تورکیای دەزانێ و ھەروەھا ھەڕەشەی بایکۆت کردن لە بەر کڕینی سیستێمگەلی موشەکیی ئێس چوارسەد لە ڕووسیا  ئاڵۆز ببوو، بەم دواییانەش لە بەر ئەو قەشە ئەمریکییەی کە لە تورکیادا دەست بە سەرە پتر لە جاران تێکچووە. لە دوا ھەنگاویش دا وەزارەتی خەزێنەداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا عه‌بدولحه‌مید گوێل وه‌زیری داد و سوله‌یمان سۆیلۆ وه‌زیری ناوخۆی تورکیای لە بەر ڕەت کردنەوەی داخوازیی ئازاد کردنی قەشە ئاندرۆ برێنسۆنی ئەمریکی و دەست ھەبوونیان لە دەستبەسەر کرانی ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٦ دا بایکۆت کردو نرخنامەو باجی دووھێندەش بە سەر ھاوردەی فافۆن و پۆڵا لە تورکیاوە بۆ ئەمریکا سەپێندرا.

جێگای ئاماژەیە دەوڵەتی واشێنگتۆن لە دواھەڵوێست دا لە زمانی سارا سندرزی وتەبێژی کۆشکی سپییەوە ڕایگەیاندووە کە: تەنانەت ئەگەر ئاندرۆ برێنسۆنی قەشەی ئەمریکیش لە تورکیا ئازاد بکرێ، ئەو باجەی خراوەتە سەر هاوردەی پۆڵا و فافۆن لەو وڵاتەوە، هەڵناگیردرێ بەڵکو تەنیا بیرلە هەڵگرتنی بایکۆتەکان دەکەینەوە.

 

سەرپەیڤ