ئاب 17, 2018 18:19 Asia/Tehran
  • ڕەخنەی ڕووسیا لە خەمساردیی ئەمریکا بەرامبەر بە داب و نەریتە نێو نەتەوەییەکان

دەوڵەتی ڕووسیا وێڕای بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەکی ناڕەزایانە، جارێکی تر باسی پێبەند نەبوونی ئەمریکای کرد بە داب و نەریتە مافەوانییە نێونەتەوەییەکان.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی سپۆتنیک، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی ھەینی لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: مۆسکۆ لە بەر پێشێلکرانی داب و نەریتە مافەوانییە نێونەتەوەییەکان لە بارەی فەرمانبەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ڕووسیاوە لە لایەن ئەمریکا، یادداشتێکی ناڕەزایانەی بۆ واشێنگتۆن ناردووە.

لەم بەیاننامەیەدا ھاتووە،وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیا  بە ناردنی یادداشتێک لە ڕێگای کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەوپەڕی ناڕەزامەندیی مۆسکۆی لە بەر پێشێلکرانی ئاشکراو بەردەوامی داب و نەریتە مافەوانییە نێونەتەوەییەکان لە لایەن واشێنگتۆنەوە سەبارەت بە فەرمانبەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و دامەزراوەکانی کۆنسولخانەیی ڕووسیا لە خاکی ئەمریکا، دەربڕیوە.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیا ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە: شوێنھاتەکانی ئەم ڕەوشتە لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی مۆسکۆ-واشێنگتۆنیش ترازاوەو بە شێوەیەکی بەربڵاو بەرژەوەندیی تێکڕای کۆمەڵگای نێونەتەوەیی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیا ھەروەھا بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە بایکۆتەکانی تازەی ئەمریکا، پێی داگرت: لێشاوی بایکۆتەکانی دژی ڕووسیا ھیچ ڕەوایەتییەکی نییە و دانرانی ناوی کۆمپانیایەکی ڕووسیی دیکە لە نێو پێڕستی بایکۆتەکان، ھەوڵدانێکی دیکەیە لە ئاراستەی بەربەرەکانێی دژی ھەڵوێستە بنەمایی و گونجاوەکانی ڕووسیا لە ھەمبەر پیونگ یانگ.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە کۆمپانیایەکی ڕووسی و بەڕێوەبەرەکەی بە تاوانی یارمەتی دان و ڕاژەکاریی بەندەری بۆ ئەو پاپۆڕانەی کە ھەڵگری ئاڵای کۆریای باکوورین، بایکۆت کرد.