ئاب 17, 2018 19:30 Asia/Tehran
  • عمران خان  بوو بە سەرۆک وەزیرانی پاکستان

عمران خان سەرۆکی تەحریکی ئینسافی پاکستان لە لایەن نوێنەرانی ئەنجومەنی نیشتیمانیی ئەم وڵاتەوە وەک بیست و دووھەمین سەرۆک وەزیرانی پاکستان ھەڵبژێردرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، لە دانیشتنی ئەمڕۆی ھەینیی ئەنجومەنی نیشتیمانیی پاکستانەوە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی تازەی ئەم وڵاتە، عمران خان وەک کاندیدی پارتی سەرکەوتووی ھەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەرلەمان «پارتی تەحریکی ئینساف»، موحەممەد شەھباز شەریف سەربە پارتی موسلیم لیگی لقی نەواز کاندیدی پارتی خەنیم پێکەوە ململانێیان کرد.

لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نیشتیمانیی پاکستان، عمران خان ١٧٦ دەنگ و شەھباز شەریف ٩٦ دەنگی نوێنەرانی ئەنجومەنی نیشتیمانییان بەدەست ھێنا.

لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نیشتیمانیی پاکستاندا نوێنەرانی پارتی جەماوەر«PPP» بەشداریی دەنگ وەرگرتنەکەیان نەکرد.

عمران خان سبەینێ شەممە لە کۆشکی سەرۆک کۆمارەتیی ئەم وڵاتەدا وەکوو سەرۆک وەزیرانی تازەی پاکستان سوێند دەخوات.

پێشتر لێژنەی ھەڵبژاردنەکانی پاکستان پارتی تەحریکی ئینساف بە سەرۆکایەتیی عمران خانی وەک سەرکەوتووی ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ٢٥ی ژوئیەی ٢٠١٨ی ئەم وڵاتە ڕاگەیاند بوو.

پارتی تەحریکی ئینسافی پاکستان ١١٤ کورسیی ئەنجومەنی نیشتیمانی لە ٣٤٢ کورسیی پەرلەمانی ئەم وڵاتەی بەدەست ھێناوە.

پارتی موسلیم لیگی نەوازیش ٦٢ کورسیی پەرلەمانی دەست کەوتووە.