ئه‌یلوول 21, 2018 11:28 Asia/Tehran
  • ترەمپ : چوون بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین گەورەترین هەڵەی مێژوویی ئەمریکا بوو

دۆناڵدترەمپ دانی نا بەوەیدا کە بردنی هێزی سەربازیی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین کە بەپێی فەرمانی "جۆرج بووش"ی کوڕی سەرۆک کۆماری پێشووتری ئەو وڵاتە لە ئەندامانی پارتەکەی خودی ترەمپ بووە، گەورەترین هەڵەی مێژوویی ئەمریکا بوو.

"دۆناڵد ترەمپ" لە وتووێژێکدا لەگەڵ "هیڵ تی ڤی" وتی: نالەبارترین هەڵەی مێژوویی وڵاتەکەمان ئەوە بوو بە فەرمانی سەرۆک کۆمار بوش چووین بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین.

سەرۆک کۆماری ئێستای ئەمریکا وتیشی: ڕەنگە ئۆباما لە بردنە سەری هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەلاتی ناڤین تووشی هەڵە بووبێ، بەڵام بە بڕوای من چوون بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین گەورەترین هەڵە لە مێژوویی وڵاتەکەماندایە.

ترەمپ بە پێداگری لە سەر نالەبار بوونی ئەو بڕیارەی بوش وتیشی: ئێمە ٧ تریلیۆن دۆلارمان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین خەرج کرد. ٧ تریلیۆن دۆلار و بە ملوێنان قوربانی. من حسێبی هەر دوولا دەکەم.

واشینگتۆن بە بیانوویی خەباتی دژ بە تیرۆریزم و پاش ڕووداوی ١١ی سێپتەمبەر، لە ساڵانی ٢٠٠١ و ٢٠٠٣ بە ڕیز دژ بە ئەفغانستان و ئێراق شەڕی دەست پێ کرد و بە داگیر کردنی ئەو دوو وڵاتە هەموو ژێرخانە بنەڕەتییەکانی تیا بردن و بە ملوێنان کوژراو و بریندار و ئاوارەی لەو وڵاتانە بەجێ هێشت.

ئەمریکا ئیستایش لە سووریادا هێزی سەربازی بە شێوەی نایاسایی هێناوەتە نیو سووریا و بە ئامانجی دەس گرتن بە سەر چەن ناوچەیەکی ئەم وڵاتە، داکۆکی لە ژمارێک گرووپی تیرۆریستیی نەیاری دەوڵەتی بەشار ئەسەد دەکات.