ئه‌یلوول 21, 2018 13:21 Asia/Tehran
  • واشینگتۆن دەیان ناوەندو کەسایەتیی چینی و ڕوسیایی بایکۆت کردن

ئەمریکا لەوپەڕی شەڕی بازرگانی دژ بە چین، بەشێک لە سوپای ئەو وڵاتەی لەبەر کڕینی چەک و کەرەستەی جەنگی لە ڕووسەکان بایکۆت کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز؛ "هێدێر نائۆرت" Heather Nauert وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا شەوی هەینی "ئیدارەی گەشەپێدانی کەرەستەی جەنگیی سوپای چین" Equipment Development Department  سەر بە وەزارەتی بەرەڤانیی ئەم وڵاتەی لەبەر کڕینی فڕۆکەی جەنگیی سۆخۆی Su-35 و سیستەمی بەرگریی مووشەکیی S-400 لە ڕووسیا بایکۆت کرد.

نائۆرت وتیشی؛ "لی شانگفو" Li Shangfu بەڕێوەبەری بەشی گەشەپێدانی کەرەستەی جەنگیش لەبەر کڕین لە کۆمپانیای چەکەمەنیی "ڕۆسۆبۆرۆن ئێکسپۆرت" Rosoboronexportی ڕووسیا بایکۆت کرا.

بە پێی ئەو بایکۆتانە، هەموو دارایی و سامانی بەشی گەشەپێدانی کەرەستەی جەنگی و داراییەکانی لی لە ئەمریکا بلۆکە دەکرێ و دەسڕاگەیشتنی ناوەندی ژێر دەسەڵاتی ئەو بە بازاڕە دراوییەکانی جیهان بەرتەسک دەبێتەوە.

نائۆرت هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی بایکۆت کرانی چین وتیشی کە بە پێی کاتسا" CAATSA ، ٣٣ کەسایەتی و ناوەندی دیکەی هاوپیوەند بە سوپا و دازم و دەزگەی هەواڵگریی ڕووسیایش ناویان چۆتە نیو پێڕستی ڕەشی بایکۆتەکانەوە.

"ئیگۆر کۆرۆبۆڤ" Igor Korobov سەرۆکی هەواڵگریی سەربازیی ڕووسیا (GRU)  و جێگرەکانی لە ڕیزی ئەو کەسانەیدان کە بایکۆتەکانی کاتسا دەیانگرێتەوە. ئەو پێڕستە ئێستاکە ٧٢ کەس و ناوەندی ڕووسی دەگرێتەوە.

ناوەند و کەسایەتییە ڕووسەکان کە ئەمریکا شەوی رابردوو ناوی خستنە نێو پێڕستی ڕەشی کاتساوە، پێشتریش لە لایەن ئەمریکاوە بایکۆت کرابوون.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە لە نامەیەکدا بۆ سەرۆک پەرلەمان و ئەنجومەنی پیرانی ئەم وڵاتە، دەسەڵاتی خۆی لە یاسای کاتسا و یاسا و ڕێساکانی دیکەی بایکۆتی دژ بە ڕووسیای خستە ئەستۆی وەزیری خەزانەداری.

ئەوە  یەکەم جارە کە دەوڵەتی ترەمپ لە چوارچێوی یاسای کاتسا وڵاتێکی سێهەم لەبەر کڕینی چەک و کەرەستەی جەنگی بایکۆت دەکات.

کاتسا یان "یاسای بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی ئەمریکا لە ڕێگای بایکۆتەوە" ساڵی ٢٠١٧ بە مەبەستی وەبن گوشار نانی ڕووسیا، ئێران و کۆریای باکوور لە ڕێگای بایکۆتی سیاسی و ئابوورییەوە پەسەن کرا.

سەرپەیڤ