ئه‌یلوول 22, 2018 00:46 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی توندی بەرپرسانی حکومەتی روسیا بەرامبەر  سزا نوێکانی واشێنگتۆن

سێرگێئی لاڤرۆف ، وەزیری دەرەوەی روسیا: سزاکانی ئەمریکا لەسەر کۆمپانیای فرۆکەدروستکەری سوخۆی روسی هەنگاوێکی دیکەی نادادپەروەرانەی واشێنگتۆنە لەدژی رکابەرەکانی لەبازاڕی جیهانیی چەکدا .

سزا نوێکانی ئەمەریکا بەسەر حکومەتی روسیادا هۆشداری و کاردانەوەی توندی بەرپرسانی حکومەتی روسیای بەرامبەر واشێنگتۆن لێکەوتەوە.

دمیتری پیسکۆف، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا ڕۆژی هەینی رایگەیاند: بەسەپاندنی سزا بەسەر کڕیارانی چەکی روسیا و کەسانی پەیوەندیدار بە دامەزراوە سەربازیەکانی روسیا، ئەمەریکا هەوڵدەدات رکابەرەکانی لەبازاڕی جیهانی چەکدا دووربخاتەوە. 

حکومەتی واشێنگتۆن، ڕۆژی پێنجشەممە، سزای سەپاند بەسەر دامەزراوە سەربازیەکانی چین-دا بەهۆی کڕینی فرۆکەی شەڕکەر و سیستمی موشەکی لە روسیا، کە بە قسەی کاربەدەستانی ئەمریکی  پێشێلکردنی یاسای سزاکانی ئەمەریکایە لەسەر مۆسکۆ کەبەهۆی دەستوەردانی ئەو وڵاتە لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦ی ئەمەریکادا بەسەریدا سەپێنراوە.

دمیتری پیسکۆف، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا سزاکانی ئەمەریکا لەسەر وڵاتەکەی بە دوژمنکارانە و چاوەڕواننەکراو ناوبردو لەم بارەیەوە هەڕەشەی کاردانەوەی لەحکومەتی واشێنگتۆن کرد لەبەرامبەر ئەو سزایانەدا. هەر پەیوەندیدار بەسزاکانی ئەمەریکا بەسەر روسیادا،سێرگێئی لاڤرۆف ، وەزیری دەرەوەی روسیا، ڕۆژی هەینی رایگەیاند، سزاکانی ئەمەریکا لەسەر کۆمپانیای فرۆکەدروستکەری سوخۆی روسی"هەنگاوێکی دیکەی نادادپەروەرانەی"واشێنگتۆنە لەدژی رکابەرەکانی لەبازاڕی جیهانیی چەکدا. 

هەر لەوبارەیەوە،سێرگێئی ڕیابکۆفی جێگری وەزیری دەرەوەی روسیاش، لە راگەیەنراوێکدا وتویەتی:مۆسکۆ وایدەبینێت کە سەپاندنی سزا بەسەر وڵاتەکەیدا بووەتە ئارەزوویەکی نیشتمانیی ئەمەریکاو، ئاماژەی بەوەکرد کە دوا سزاکانی ئەمەریکا بەسەر وڵاتەکەیدا بووە بە ٦٠ مین سزای ئەمەریکا کە لە ساڵی ٢٠١١-ەوە بەسەر وڵاتەکەیدا دەسەپێنرێت.  ریابکۆڤ ووتیشی " هەر کۆمەڵە سزایەکی نوێ سەلمێنەری شکستی نەیارانە لە لەهەوڵەکانی پێشوویاندا بۆ فشارخستنەسەر روسیا ." ریابکۆڤ هۆشداریشیدا کە زیادبوونی گرژی لە پەیوەندیەکانی نێوان روسیا و واشێنگتۆندا سەقامی جیهانیی دەخاتەمەترسیەوەو یاریکردن بەئاگرکارێکی گەمژانەیە و دەکرێت مەترسیداربێت."

سەرپەیڤ