ئه‌یلوول 25, 2018 18:29 Asia/Tehran
  • داواکاریی ئەفریقای باشوور بۆ پەسەندکردنی پەیمانی قەدەغەی پەرەپێدانی چەکی ناڤۆکی

سەرۆک کۆماری ئەفریقای باشوور داوای لەهەموو وڵاتانی جیهان کرد پەیمانی بەرپێگرتنی قەدەغەی بڵاوکردنەوەو پەرەپێدانی چەکە ناڤۆکیەکانی ٢٠١٧، (TPNW) پەسەند بکەن.

بەپێی راپۆری هەواڵدەری سپۆتنیک؛ "سیریل راماپۆسا"ی سەرۆک کۆماری ئەفریقای باشوور لە دانیشتنی ئاشتیی نێلسۆن ماندێلا لە پەراوێزی حەفتا وسێهەمین دانیشتنی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان ڕایگەیاند؛ ئەفریقای باشوور بەزوویی هەوڵی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ پەسەندکرانی ئەو پەیمانەو داوا لەگشت ولاتانی ئاشتی خواز دەکا ئەوپەیمانە بێ هیچ دواخرانێک پەسەند بکەن.

پەیمانی قەدەغەی برەوپێدان وبڵاوکردنەوەی چەکە ناڤۆکییەکان حەوتی ژوولای٢٠١٧ لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوەکان پەسەند کراو ئامانجیشی، هێنانەدی ئامرازی پێویست بۆ جێ بەجێ کران بەمەبەستی قەدەغەی پەرەپێدانی چەکی ناڤۆکی بوو. بەڵام سەرباری هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەم کردنەوەی جبەخانە ناڤۆکییەکان، ئەمریکا هەروا سورە لەسەر پاراستنی جبەخانەی ناڤۆکی خۆی.

سوپای ئەمریکا ١٦ی ژوولای١٩٤٥لەئەیالەتی نیۆمێکزیکۆ یەکەم تاقیکاریی ناڤۆکیی ئەنجام داو پاشان، شەش و نۆی ئاگۆست بۆمبە ئەتۆمییەکانی خستەسەر شارەکانی هیرۆشیماو ناکازاکیی ژاپۆن کە لەو بۆردومانە، هەزاران کەس گیانیان لەدەست دا.