ئه‌یلوول 26, 2018 09:12 Asia/Tehran
  • تۆمەتە دووپات کراوەکانی ترەمپ دژ بە ئێران لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان

سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە دووەم ئامادەبوونی لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان، بانگەشە و تۆمەتەکانی پێشووی دژ بە ئێران دووپات کردووە.

بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی فارس؛ "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە لە باروودۆخێکدا کە وڵاتانی واژۆکەری ڕێککەوتنی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش (ڕێککەوتنی ئەتۆمی) لە کۆبوونەوەی نیۆیۆرکدا جەختیان کرد لە سەر پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ، بە درۆ و دەلەسە نانەوە لەم بارەوە وتی سەرانی زۆربەی وڵاتان پەیڕەوییان کردووە لەو بایکۆتانەی کۆشکی سپی دایسەپاندووە بە سەر ئێراندا.

"دۆناڵد ترەمپ" لە وتاردانەکەیدا هەروەها بە بی ئاماژە بە خۆوەردانی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئێراق و سووریا و ئەفغانستان کە بووە هۆی کوژرانی ژمارێک خەڵکی مەدەنی بێ تاوان، بانگەشەی کرد تاران ڕێز دانانێت بۆ مافی سەروەریی داروسێکانی خۆی.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە بێ ئاماژە بە قوربانیانی سەرەکیی سیاسەتی بایکۆتی خۆی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە بانگەشەی ئەوەی کە پشتیوانی لە گەلی ئێران دەکات داوای لە وڵاتانی جیهان کرد لە ئاراستەی تەریک خستنەوەی ئێران هەنگاو هەڵگرن.

ترەمپ بە پێچەوانەی ڕێژە و ئامارەکان و وێرای پەرە سەندنی کێشە و گرفتی ئابووری، بانگەشەی کرد ئابووریی ئەمریکا گەشاوەتەوە و بێکاری لەم وڵاتە تا نزمیترین ئاستی خۆی دابەزیوە.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە باروودۆخێکدا کە کۆشکی سپی زۆربەی بودجەکانی ئاوەدان کردنەوە و تەندرووستی تەواو دابەزاندووە، بەرز بوونەوەی ئاستی بودجەی سەربازیی ئەمریکا تا ٧٦٠ ملیار دۆلاری بە سەرکەونێک زانی.

ترەمپ هەروەها وێرای ڕەخنە و گازندەی بەربڵاوی کۆماریخوازان لە دانوستانی لەگەڵ "کیم جونگ ئون" ڕێبەری کۆریای باکوور ، ئەو دانوستانی بە بنیاتنەر و بەدەسکەوت وەسف کرد.

لە ڕەوشێکدا کە زۆربەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، هەروەها کەنەدا و چینیش نارازین لەو نرخە گومرکییانەی کە ترەمپ لە سەر هەناردەی ئەم وڵاتانە بۆ ئەمریکا دایناوە و  بە شەڕی بازرگانی دەزانن، سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەرگری کرد لە سیاسەتی دانانی نرخی گومرکی لە سەر کەل و پەل و شت و مەکی هاوردە.

ترەمپ بە ڕەخنە لە ڕێکخراوی ئۆپێک و وڵاتانی عەرەبی لەبەر بەرز بوونەوەی ئاستی نرخی نەوت وتی: ئۆپێک دەبێ نرخی نەوتی بێنێتە خوارەوە ، چوونکە ئەمریکا زیاتر لەوە ئەو نرخی تۆقێنەرانە تەحەمول ناکات.

ترەمپ هەروەها بە بێ ئاماژە بە ناڕەزایەتی دەربڕینی بەربڵاوی جیهانی لە کۆشکی سپی لەبەر داکۆکی کردنی لە ڕژێمی زایۆنی بانگەشەی کرد؛ بڕیاری بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تێلاڤیڤ بۆ قودسی داگیرکراو لە ئاراستەی بەرەوپێش بردنی دانوستانەکانی سازش بووە.

سەرپەیڤ