ئه‌یلوول 26, 2018 13:23 Asia/Tehran
  • لاریجانی: ناوچەکە بەرەوڕووی دیاردەی تیرۆریزمی کۆچبەر بۆتەوە

سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە دیداری وەزیری ناوخۆی کۆماری ئازەربایجان لە تاران وتی؛ ئێستاکە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەرەوڕووی تیرۆریزمی کۆچبەر بۆتەوە و ئەو تیرۆریستانەی کە لە ئێراق و سووریا کەوتوونەتە بن گوشارەوە بەرەو ناوچەکانی دیکە دەڕۆن.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدرەیی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئیران ؛ "عەلی لاریجانی" سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لەو دیدارەدا وتیشی: ئێران و کۆماری ئازەربایجان تەنیا دراوسێ نین، بەڵکوو خاڵی هاوبەشی ئایینی، پرسی هاوبەش و هاوکارییەکی ئابووریی بەرفراوان لە نێوان دوو وڵات لە ئارادایە.

سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بە هەوڵی هەندێ لایەنی ناحەز بۆ تێکدانی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و  کۆماری ئازەربایجان وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران ستراتژییەکی ڕوونی هەیە بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان لە درێژماوەدا.

لاریجانی بە ئاماژە بەوەی کە چەن وڵات لە مەسەلەی خەباتی دژ بە تیرۆر هەنگاوی ناڕوون هەڵدەگرن وتیشی؛ ئەمریکا و ژمارێک وڵاتی ناوچە یارمەتی دەدەن تا تیرۆریستانی داعش لە ئەفغانستان ببووژێنەوە.

"رامیل یوسبۆڤ" Ramil Usubov  وەزیری ناوخۆی کۆماری ئازەربایجانیش لەو دیدارەدا وتی سیاسەتی ئیلهام عەلیەف، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان لە سەر بنەمای پەرەپێدانی پێوەندی لەگەڵ ولاتانی دۆست و دراوسێ دانراوە.

"رامیل یوسبۆڤ" بە ئاماژە بە پەرە سەندنی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی کەتن و جەنایەتی پلان بۆ داڕێژراو وتیشی؛ ئەمڕۆکە تیرۆریزم کێشە و گرفتی زۆری لە ناوچەکە ناوەتەوە  و پێویستە هەموو وڵاتان بە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی زاڵ بن بە سەر ئەو کێشە و گرفتانە.