تشرینی یه‌که‌م 17, 2018 08:55 Asia/Tehran
  • دیوانی نێونەتەوەیی دادپەروەری، بەرواری سکاڵادەربڕینی ئێران و بەرەڤانی کردنی ئەمریکای دیاری کرد.

دیوانی نێونەتەوەیی دادپەروەری، ڕۆژی سێ شەممە بۆ ڕاگەییشتن بە دۆسیەی سکاڵاکەی ئێران دژی ئەمریکا لە بەر پێشێلکردنی پەیمانی دۆستایەتی، دوو بەرواری دیاریی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، دەوڵەتی ئێران بەم پێیە دەبێ لە بەرواری دەھەمی ئاپریلی ٢٠١٩ دا سکاڵاکەی خۆی ڕادەستی دادگە بکات. بەرواری بەرەڤانی کردنی ئەمریکاش دەھەمی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ ڕاگەیەندراوە.   

دیوانی نێونەتەوەیی دادپەروەریی لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: خشتەی ھەنگاوەکانی داھاتوو دواتر ڕادەگەیەندرێت.

دیوانی نێونەتەوەیی دادپەروەریی وەک بنکەی سەرەکیی مافەوانیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی چوارشەممە سێھەمی ئۆکتۆبەر وێڕای پەسەند کردنی شیاوەتیی خۆی بۆ ڕاگەییشتن بە سکاڵاکەی ئێران دژی ئەمریکا، واشێنگتۆنی بۆ ھەڵگرتنی بەرتەسکیی مرۆڤ دۆستانەو فڕۆکەوانیی ئێران ھەتا کاتی دەرچوونی بڕیاری یەکجاری ئەرکەمەند کرد.

ئێران لە سکاڵایەک دا کە بۆ بەردەوام دیوانی نێونەتەوەیی دادپەروەریی بەرز کردبووەوە بایکۆتە دژی ئێرانییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژی حەوتەمی ئوتی بە پێشێلکەری پەیمانی دۆستایەتیی ١٩٥٥ زانی و داوای ھەڵپەسێردرانی کردبوون.

بریکارو پارێزەرانی ئێران ئەمریکایان بەوە تۆمەتبار کردووە کە بە کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام پەیمانی دۆستایەتیی پێشێل کردووەو داوایان لە  دیوانی نێونەتەوەیی دادپەروەریی کرد کە فەرمانێکی کاتی دەرکات بۆ ھەڵپەسێردرانی بایکۆتەکانی ئەمریکاو خۆبواردن لە داسەپاندنی ھەر بایکۆتێکی دیکە لە پاڵ دەرکرانی مۆڵەتی دووبارەی کڕینی پارچە پێویستەکانی فڕۆکە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران سکاڵایەکی دیکەشی لە بارەی دەست گیران بە سەر دووملیارد دۆلار لە دارایی بانکی ناوەندیی ئێران لە ئەمریکای لە دیوانی نێونەتەوەیی دادپەروەری دا تۆمار کردووە.

لە کۆبوونەوەی ھاوپەیوەند بەم دۆسیەیە کە سەرەتای ئەم حەوتەیە بەڕێوە چوو، ھەردووک لا دەستیان کرد بە بەرەڤانی کردن و ھێنانە ئارای بەڵگەکانی خۆیان.

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  وێڕای دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاند.

قۆناغی یەکەمی ئەم بایکۆتانە لە حەوتی ئوتەوە جێبەجێ کراو قۆناغی دووھەمیش کە داگری بایکۆتی کڕینی نەوت لە ئێرانیشە لە چوارەمی نوامبەرەوە بەشێوەی فەرمیانە دەچێتە واری جێبەجێ کردنەوە.

ئەو ھەنگاوە یەک لایەنەیەی ئەمریکا لە بەر پێشێلکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ دژایەتیی بەربڵاوی جیھانی دا بەرەوڕوو بووەتەوەو وڵاتانی جۆربەجۆری جیھان ڕایانگەیاندووە کە پشتگری لە بایکۆتە دژی ئێرانییەکانی ئەمریکا ناکەن.