تشرینی یه‌که‌م 18, 2018 14:24 Asia/Tehran
  • ڕووسیا بایکۆتە تازەکانی ئەمریکا دژی ئێرانی ئیدانە کرد

جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا بایکۆتە تازەکانی ئەمریکا دژی ئێرانی ئیدانە کرد و بە جێگای قەبووڵی نەزانی.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕیانۆڤێستی، سێرگەیی ڕیابکۆف جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند: مۆسکۆ لە ھەل و مەرجی ئێستادا لە سەر ھاوکارییەکانی لەگەڵ تاران بەردەوام دەبێت.

ڕیابکۆف وتیشی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە نیازە لە جێ و شوێنی دۆلار وەک دراڤێکی دەرەوەیی پاشەکەوتی جیھان بۆ لاواز کردنی ئێران کەڵک وەربگرێت.

ڕیابکۆف لە بارەی ستراتژیای تازەی ئەمریکا بۆ بایکۆت کردنی ئێران و ڕووسیا لە بەر بنیاتنانەوەی سوریا وتیشی: مۆسکۆ پەرە پێ دانی بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێران و بە گشتیی وڵاتانی بەشداری بنیاتنانەوەی سووریا بە ھەنگاوێکی نەرێنی دەزانێ.

سێرگەیی ڕیابکۆف جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا وتیشی: وەڵامی ئێران بەو کردارانەی واشێنگتۆن دەتوانێ پێکھێنانی میکانیزمێکی دراڤیی بەرگریکارانەو پەرە پێ دانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بێت.

ئەمریکا ڕۆژی سێ شەممە لە درێژەی ھەنگاوەکانی دوژمنکارانەی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بیست بانک و کۆمپانیاو دامەزراوە ئێرانییەکانی بایکۆت کرد.

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  وێڕای دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاند.

ئەو ھەنگاوە یەک لایەنەیەی ئەمریکا لە بەر پێشێلکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ دژایەتیی بەربڵاوی جیھانی دا بەرەوڕوو بووەتەوەو وڵاتانی جۆربەجۆری جیھان ڕایانگەیاندووە کە پشتگری لە بایکۆتە دژی ئێرانییەکانی ئەمریکا ناکەن.

 

 

 

سەرپەیڤ