تشرینی دووه‌م 14, 2018 17:53 Asia/Tehran
  • بەردەوامبوونی ئاگرکەوتنەوەکەی ئەمریکا،مەرگ هێنەرترین ئاگرکەوتنەوەی دارستان لە کەلیفۆرنیا

ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی کەلیفۆرنیا، بووەتە هۆی لە نێوچوونی هەزاران خانوو و هەڵاتنی 250هەزار کەس.

مەرگ هێنەرترین و بەربڵاوترین ئاگرکەوتنەوەی دارستان لە ڤیلایەتی کەلیفۆرنیای ئەمریکا هەروا بەردەوامە

ئەم ئاگرکەوتنەوەیە تاکوو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی 44 کەس. بە دەیان کەسیش لەو ئاگرکەوتنەوەیەدا بزر بوون و بێ سەروشوێن ماونەتەوە. 250 هەزار کەس لە دانیشتووانی ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەم ڤیلایەتەش بە هۆی ئەو بەربڵاوی ئاگرەکە، ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بێڵین.

کاربەدەستانی ڤیلایەتی کەلیفۆرنیا ڕایانگەیاندووە ئاگر بووەتە هۆی لەنێوچوونی لەسەتا نەوەدی ماڵەکانی ئەو ناوچەیە. سێ ئاگرکەوتنەوەی جیا لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کەلیفۆرنیادا هەروا بەردەوامە و بەربڵاوترینی ئەو ئاگرکەوتنەوانەش لە باکووری کەلیفۆرنیایە و بووەتە هۆی لە نێوچوونی حەوت هەزار خانوو.

کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە و ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدان، هەروەها ئاگر لە ناوچە باشووریەکانیش لە دارستان تەشەنەی سەندووە و هێندەی نەماوە بگاتە ناوچە نیشتەجێیەکان.

وێنە ئاسمانییەکان پیشان دەدەن ئاورەکە خەریکە پەرەسەندنە و بەرەو کەنارەکانی ئۆقیانووسی ئارام لە گەردوپەڕی شاری مالیبۆدا دەچێت.

مالیبۆ شارێکی کەنارەییە لە 50 کیلۆمەتری ڕۆژئاوای لۆس ئانجلێسدا کە ماڵی زۆرێک لە کەسایەتییە ناودارەکانیش لەوێدا هەڵکەوتووە. ئاگر لەوێدا بووەتە هۆی لە نێوچوونی 150 خانوو.

ترەمپ لە جیاتی یارمەتیدانی کەلیفۆرنیا، هەڕەشە دەکات لە بەرپرسانی ڤیلایەتی

لە حاڵێکدا ئاور، هەموو ڕۆژێک بەشگەلێکی زیاتری دارستانەکانی کەلیفۆرنیا دەگرێتەوە، هەوڵی بەرپرسانی ڤیلایەتی کەلیفۆرنیا، بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بە بێ ئەنجام ماوەتەوە. لەم نێوەدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، لە تویتەردا برووسکەیێکی دەر کردووە و تێیدا ڕەخنەی لە کاربەدەستانی ڤیلایەتی گرتووە. ئەو هەرەها هەڕەشەی لێ کردوون کە بووجەی فیدراڵیان لێ دەبڕێتەوە.

ئاورکەوتنەوەکەی کەلیفۆرنیا، هەندێک لە ناوچەکانی بە تەواوی لەنێو بردووە

وێنەکانی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بەڕاستی دڵتەزێنن، ئاگرکوژێنەکان دەڵێن تاکوو ئێستا ئاگرکەوتنەوەیێکی وایان نەدیتووە. هەتا ئێستا لەسەتا بیستی ئەو ئاگرەیان کونترۆڵ کردووە و کوژاندوویانەتەوە. لە شارێکی وەکوو پارادایز ئیدی شتێک بۆ سووتان نەماوەتەوە. بەسەرەنجدان بە بەربڵاویی ئاگرەکە، پێدەچێت ژوماری کوژراوەکان زیاتر بێتەوە.

 

 

 

سەرپەیڤ