تشرینی دووه‌م 16, 2018 07:43 Asia/Tehran
  • عەراقچی: ئەمریکا مافی سەروەریی نیشتمانیی ئەورووپاییەکانی بنپێ کردووە

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەشی سیاسی، وتی: ئەمریکا لە ڕێگای دۆلارەوە بە کردەوە مافی سەروەریی نیشتمانیی دەوڵەتانی ئەورووپایی پێشێل کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "سەید عەباس عەراقچی" ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لە دیداری "ئێلیزابێتا بلۆنی" یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئیتالیا لە ڕۆم وتیشی؛ دۆلار بووە بە چەکێک کە ئەمریکا بە دەکارهێنانی هەموو داخوازە نایاساییەکانی دادەسەپێنی بە سەر هاوپەیمانە  ئەورووپاییەکانی و بە کردەوە مافی دەسەڵاتدارێتی و سەروەریی نیشتمانیی دەوڵەتانی ئەورووپایی بنپێ کردووە.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەشی سیاسی کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی مێکانیزمی سیاسی ڕاوێژکاری جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئیتالیا سەردانی ڕۆمی کردووە، لەگەڵ "ئێلیزابێتا بلۆنی" یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئیتالیا و "سباستیانۆ کاردی" بەڕێوەبەری بەشی سیاسیی ئەم وەزارەتخانەیە دیداری کرد و دوولایەن لە چوارچێوی کۆمەڵێک پرس و بابەتی دڵخوازیان بیر و ڕایان گۆڕییەوە.

لەو دیدارەدا دوولایەن جەختیان کرد لە سەر بەردەوام بوونی تەعامولێکی بنیاتنەر لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەکان لە بواری جۆربەجۆردا لەوان بواری ئابووری و بازرگانی بە پێی ڕێز و قازانجی بەرامبەر وەکوو سیاسەتی بنەڕەتیی تاران و ڕۆم.

یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئیتالیایش لەو دیدارەدا بە ئاماژە بەوەی کە کۆمپانیاکانی ئەم وڵاتە لە دووی بەردەوام کردنی هاوکارییەکانیان لەگەڵ لایەنی ئێرانین ، پێی داگرت لە سەر لێبڕاوانە جوڵانەوەی دەوڵەتانی ئەورووپایی  بۆ نەهێشتنی تەگەرەکانی بەردەوام هاوکاریی دوولایەنە و بەرتەسک کردنەوەی مەترسیی بایکۆت کرانی ئەو کۆمپانیا ئەورووپایی و ئیتالییانەی کە لەگەڵ ئێران کار دەکەن.