یۆنان لە هەوڵدایە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە کۆچبەری
وەزیری کۆچ و کۆچبەریی یۆنان ڕایگەیاند کە ئامادەی دانوستان و ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیایە سەبارەت بە مەسەلەی کۆچ و کۆچبەری.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەیی فەرەنسا؛ "دیمیتریس ڤیتساس" Dimitris Vitsas وەزیری سیاسەتی کۆچ و کۆچبەریی یۆنان رۆژی پێنجشەممە وتی کە یۆنان ئامادەیە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا سەبارەت بە مەسەلەی کۆچ و کۆچبەریی و ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی دانوستان بکات.
وەزیری کۆچ و کۆچبەریی یۆنان وتیشی کە "سولەیمان سۆیلوو" Süleyman Soylu وەزیری ناوخۆی تورکیای بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی ژانڤییەی داهاتوو (٢٠١٩) سەردانی ئاتێن بکات تا سەبارەت بە کۆنترۆڵ کردنی مەسەلەی کۆچ و کۆچبەری لە نێوان دوو وڵات وتووێژ بکەن.
"دیمیتریس ڤیتساس"ڕاشیگەیاند کە کۆچبەریی لە ڕێگای سنووری نێوان یۆنان و تورکیاوە لە پێنج هەزار و چوارسەد کەسی ساڵی ٢٠١٧ گەیشتۆتە چواردە هەزار کەس لە ساڵی ٢٠١٨.
بە پێێ ئەم ڕاپۆرتە؛ یۆنان و تورکیا ساڵی ٢٠١٦ ڕێککەوتننامەیەکیان سەبارەت بە بەرتەسک کردنی کۆچ و کۆچبەریی واژۆ و مۆر کردووە، بەڵام بەم حاڵەشەوە لە ساڵی ٢٠١٨دا ڕەوتی کۆچ و کۆچبەری لە سنوورەکانی نێوان دوو وڵات زیاتر پەرەی سەندووە.
قەیرانی کۆچ و کۆچبەری، یەکێک لە گرینگترین قەیرانەکانی ئێستای یەکێتیی ئەورووپایە.