تشرینی دووه‌م 20, 2018 10:53 Asia/Tehran
  • وتووێژی ئۆغلوو و

مەولوود چاوش ئۆغڵوو" وەزیری دەرەوەی تورکیا و "ئانتۆنیۆ گوترێش" بەڕێوەبەری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە سەبارەت بە "دۆسییەی کوژرانی "جەماڵ خاشووقچی" ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگری سیاسەتەکانی ڕژێمی سەعودی بیر و ڕایان گۆڕییەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە نەتەوە یەکگرتووەکان، چاوش ئۆغلوو و گوترێش ڕۆژی دووشەممە لە ناوەندی ئەم ڕێکخراوەیەدا، دۆسییەی کوژرانی "جەماڵ خاشووقچی"ـیان خستە بەر باس و لێکدانەوە بەڵام لەو دیدارەدا وەزیری دەرەوەی تورکیا هیچ داخوازێکی فەرمی بۆ جێبەجی کرانی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەو دۆسییەیە ئاراستە نەکرد.

چاوش ئۆغڵوویش لە کاتی چوونەدەر لە ناوەندی نەتەوە یەکگرتووەکان پاش دیدار لەگەڵ گۆترێش لە وەڵام بەو پرسیارە کە ئایا ئانکارا داخوازی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە کوژرانی خاشووقچی هێناوەتە ئاراوە ، وتی: ئێمە تەنیا ڕەهەندە جۆربەجۆرەکانی ئەم دۆسییەمان لێک دایەوە.

بەرپرسانی تورکیا پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە داکۆکی دەکەن لە لێکدرانەوەی دۆسییەی کوژرانی خاشووقچی لە لایەن ناوەند و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە.

"جەماڵ خاشوقچی" دووی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ پاش چونە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەموڵی تورکیا بێ سەر و شوێن بوو.

رژێمی سەعوودی ١٨ ڕۆژ دواتر بە هۆی گوشاری کۆمەڵگەی جیهانی، کوژرانی خاشووقچی پشت ڕاست کردەوە بەڵام بانگەشەی کرد کە ئەو ڕۆژنامەوانە بە هۆی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ کەسێک لە نێو کونسولخانە کوژراوە.

کاربەدەستانی وڵاتانی جیهان  و ناوەندە نیودەوڵەتییەکان، ئەو بانگەشەی سەعوودییەکان بە درۆ و دەلەسە دەزانن.

بە تێپەڕ بوونی چەن هەفتە لە دان پێدانانی ئالی سەعوود بە سەر کوژرانی جەماڵ خاشووقچی هێشتایش هەر سەبەبکاران و بەرپرسانی ئەو جەنایەتە هەژێنەرە، بە شێوەی فەرمیی پێناسە نەکراون و چارەنووسی تەرمەکەیشی هێشتا هەر نادیارە.