ئەنجومەنی ئەورووپا: تورکیا دەبێ بڕیاری ئازادیی دەمیرتاش جێ بە جێ بکات
دانییەل ھۆلتگێن وتەبێژی ئەنجومەنی ئەورووپا دوابەدوای نەیارەتی دەربڕینی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا لە ھەمبەر بڕیارەکەی دادگەی ئەورووپا سەبارەت بە ئاراد کردنی دەمیرتاش لە بەندیخانە لە پەیامێکدا جەختی کردووە:تورکیا دەبێ بڕیاری ئازادیی دەمیرتاش جێ بە جێ بکات.
بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ڕۆژنامەی ئۆرێنسێلەوە،دوای ئەوەی کە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای لە بارەی ئازاد کردنی سەلاحەددین دەمیرتاشەوە ڕەت کردەوە، دانییەل ھۆلتگێن وتەبێژی ئەنجومەنی ئەورووپا لە ھەژماری توییتێڕەکەی خۆی دا پەیامێکی بڵاو کردەوەو تیای دا جەختی کرد کە، بە پێی یاساوڕێساو ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکان، تورکیا وا ھەڵدەگرێت کە پێملی بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بێت لە بارەی ئازاد کردنی سەلاحەددین دەمیرتاشەوە .
دانییەل ھۆلتگێن لەو پەیامەی دا ئەوەشی وەبیر ھێناوەتەوە کە، بە پێی بڕگەی ٤٦ی ڕێککەوتننامەی مافی مرۆڤی یەکێتیی ئەورووپا تەواوی دەوڵەتەکانی ئەندام لە سەریانە پێملی ڕاپەڕاندنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بن.
جێگای ئاماژەیە کە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتەگەلێکدا وێڕای ڕەت کردنەوەی ئەو بڕیارەی کە لە لایەن دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپاوە لە بارەی ئازاد کردنی سەلاحەددین دەمیرتاشەوە دەرچووە، پێی داگرتووە کە: بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا پێملی ڕاپەڕاندنی ئەو بڕیارەمان ناکات، چونکو ھەتا ئەمڕۆ زۆربەی ئەو بڕیارانەی کە دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا داویەتی لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەکانی ئەم تاقمە تیرۆریستییە کە دیارە مەبەستی پەکەکەیە، بە قازانجی ئەو تاقمە بووە.
شیاوی باسەکە سهڵاحهدین دهمیرتاش هاوسهرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گهلانی تورکیا (ههدهپه) بۆ خۆشی لەم پەیوەندییەدا لە پەیامێکدا لە زیندانەوە ڕایگهیاندووە، به بڕیارهکهی دادگای مافی مرۆڤی ئهوروپا ههموو ئهو تۆمهتانهی خراونهتهپاڵى ههڵوهشاونەتەوه.دهمیرتاش لەو پهیامەی دا ئاماژهى بهوه کردووه کە"ئۆپهراسیۆنی دژ به ههدهپهو گرتن و دادگایی کردنی نوێنەرو ئەندامەکانی بە بوختانگەلی بێ ناوەڕۆک یاسایی نییه و ئەوەی ھەتا ئێستا کراوە تەنیا هۆکاری سیاسیی لەپشت بووەو بەس. بەڵام ئێستاکە به بڕیارەکەی دادگەی ئەورووپا ههموو ئهو دۆسیانهی بۆ من کرابوونهوه و ههموو ئهو تۆمهتانهی دهخرانهپاڵم ههڵوهشاونهتەوه".
جێگای ئاماژەیە ئەو بڕیارەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دوای ئەوە دێت کە ماوەیەک لەمەوبەر مەحسون قارەمانی پارێزەری دەمیرتاش، لە بارەی نایاسایی بوونی گرتنی ناوبراو دۆسیەیەکی لە ١٨ خاڵ پێکھێناو ڕەوانەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای کرد و سکاڵای لە دژی دەوڵەتی تورکیا بەرز کردەوە. لە ئەنجام دا دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاش لەبارەی ئازاد کردنی دەمیرتاشەوە ڕایگەیاندووە مافی ئازادی و ئەمنیی ناوبراو پێشێل کراوە و دەبێت لە دەرەوەی زیندانەوە دادگایی بکرێت.