تشرینی دووه‌م 23, 2018 12:00 Asia/Tehran
  • فینلاندیش ناردنی چەک بۆ عەرەبستانی ڕاگرت

وەزارەتی دەرەوەی فینلاد ڕایگەیاند کە هەناردەی چەک بۆ عەرەبستانی سەعوودی ڕاگرتووە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەنالی هەواڵی سی ئن ئن؛ وەزارەتی دەرەوەی فینلاند ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە دەرکردنی هەرچەشنە موڵەتی نوێ سەبارەت بە هەناردە کردنی چەک و کەرەستەی جەنگی بۆ عەرەبستانی سەعوودی و ئیماراتی راگرتووە.

پەرلەمانی ئەورووپایش ماوەیەک لەمەوبەر بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە چەکی ئەورووپایی ئاگری شەڕی  یەمەن بلێسە پێ دەدات، خوازیاری کۆتایی هاتنی هاناردەی چەک و کەرەستەی جەنگی بۆ هاوپەیمانیی داکۆکیکاری عەرەبستانی سەعوودی بوو.

هەر لەم ئاراستەیەدا "ئستیڤ بلاک" وەزیری دەرەوەی هۆڵندا ڕایگەیاند؛ وڵاتەکەی سوور و پێداگرە لە سەر ئەوەی کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ پشتیوانی بکات لە بایکۆتە چەکەمەنییەکانی دژ بە  عەرەبستانی سەعودی.

ئەڵمان، هۆڵندا، دەنیمارک، بەلژیک، سویس، ئیسپانیا،  و زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپایی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە ڕاگرتنی هەناردەی چەک بۆ عەەبستان، خوازیاری کۆتایی هاتنی شەڕی یەمەن بوون.

عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا ، ئیمارات و  چەن وڵاتی دیکە لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە بیانووی گەڕاندنەوەی "عەبدوڕەبە مەسنوور هادی" سەرۆک کۆماری واز لەکار هێناوی یەمەن بۆ سەر دەسەڵات، پەلاماری ئەم وڵاتەیان داوە بەڵام تا ئێستا وێڕای هەموو پەلامارە ئاسمانییەکان و گەمارۆ درانی هەمەلایەنەی یەمەن، لەبەر خۆڕاگریی خەڵکی ئەم وڵاتە نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان لە یەمەندا کە هەمان دەسەڵات گرتنە دەستی کەسانی دەسنیا و دارەدەستە.

شەڕنانەوەکانی عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی لە یەمەن تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە ١٤ هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە  و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.

دەسدرێژیی سەربازیی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.

 

سەرپەیڤ