تشرینی دووه‌م 26, 2018 08:10 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی یەکێتی ئوروپا و ناتۆ بە تێکهەڵچوونی ڕووسیاو ئۆکراین

یەکێتی ئوروپاو ناتۆ دوێشەو(یەکشەممە) لە بەیاننامەی جیاجیادا، کاردانەوەیان پێشان دا بە تێکهەڵچوون و پێکدادانی ڕووسیاو ئۆکراین لە دەریای ڕەش.

بەپێی ڕاپۆری کەناڵی ئەلعالەم؛ یەکێتی ئوروپاو ڕێکخراوی پەیمانی ئەتلەنتیکی باکور(ناتۆ) رۆژی یەکشەممە لەو بەیاننامانەدا خوازیاری دانبەخۆداگرتن و کەمکرانی کێشەی نێوان ڕووسیاو ئۆکراین لە نزیک لێواری نیمچەدوورگەی کریما بوون.

ئەمریکاش دوێشەو خوازیاری بەڕێوەچوونی دانیشتنی نائاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان بوو.

گەمییە سەربازییەکانی ڕووسیاو ئۆکراین رۆژی یەکشەممە لە تەنگەی"کێرچ" لە دەریای ڕەش تێکهەڵچوون.

ئەو تێکهەڵچوونە پاش هاتنی دوو کەشتی سەربازیی ئۆکراینی لەگەڵ گەمییەکی یەدەک کێش بۆ ئاوەکانی ڕووسیا لە نیمچە دوورگەی کریما ڕووی دا.

پاش ئەو تێکهەڵچوونە، "پێترۆ پرۆشنکۆ" سەرۆک کۆماری ئۆکراین لەگەڵ ئەندامانی کابینەی ئەو وڵاتە دانیشتنی بەپەلەی ئەنجام دا.

حکومەتی ئۆکراین بەڕاگەیاندنی باری وشداریی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، خوازیاری بەڕێوەچوونی دانیشتنی خێرای ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان بوو.

پەیوەندیی نێوان ڕووسیاو ئۆکراین لە ساڵی٢٠١٤ـەوە بەکودەتای لایەنگرانی رۆژاوا لەدژ حکومەتی ئەوکاتی "کی یەف" ئاڵۆز بووە.

جیابوونەوەی نیمچەدوورگەی کریما لە ئۆکراین و پەیوەست کرانی بە ڕووسیاش لەساڵی٢٠١٤، بەپێی ئەنجامەکانی بەڕێوەچوونی کۆپرسی، کێشەی نێوان ڕووسیاو ئۆکراینی دووهێندە کردووە.

پاش پەیوەست بوونی ئەو ناوچەیە بە ڕووسیا، ئەمریکاو ئوروپا بەلایەنگریی لە ئۆکراین، بایکۆتیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند و جم و جۆڵە سەربازییەکانیان لەنزیک سنورەکانی ڕووسیا پەرە پێدا.

 

سەرپەیڤ