تشرینی دووه‌م 29, 2018 16:23 Asia/Tehran
  • ئەرژەنتین، سکاڵای چاودێری مافی مرۆڤ دژی بن سەلمان تاوتوێ دەکرێت

دادئەستێنی گشتیی ئەرژەنتین سکاڵای ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ دژی پاشمیری عەرەبستانی لە بارەی کردارە دژی مرۆڤییەکانی خستەگەڕ.

بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی ھەواڵدەریی ڕای ئەلیەوم، ڕێکخراوەی چاودێری مافی مرۆڤ ڕۆژی پێنج شەممە لە بەیاننامەیەک دا لەژێر سەردێڕی « دادگەری نزیک دەبێتەوە» لە توییتێڕدا ڕایگەیاند: ڕامیرۆ گۆنزالیس دادئەستێنی گشتیی ئەرژەنتین داوای لە دادوەر « ئەرییەل لیخۆ» کردووە ھەتا لە بارەی تاوانکارییەکانی شەڕی ھاوپەیمانیی سەعودی لە یەمەن بکۆڵێتەوە.

لێکدانەوەی ڕۆڵی موحەممەدی کوڕی سەلمان پاشمیری سەعودی لە مەڕ کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگری نەیاری ئالی سەعود، لەو تەوەرانەی دیکەی بەدوادا چوونەکانی دادئەستێنی گشتیی ئەرژەنتینە.

چاودێری مافی مرۆڤ ئەوەشی لەقاو داوە کە دادئەستێنی گشتیی ئەرژەنتین لە «خۆرخە فوری» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەم وڵاتەش سەبارەت بە ڕەوشتی دیپلۆماسیانەی پاشمیرەکەی سەعودی ھێندێک پرسیاری کردووە.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی نزیک لە دۆسیەی ڕاگەییشتن بە سکاڵاکەی دژی موحەممەدی کوڕی سەلمان لە ئەرژەنتین بە تۆمەتی تاوانی جەنگی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، پێش بینیی ئەوەی کردووە کە ڕەوتی ڕاگەییشتن بەم سکاڵایە لە دەزگای دادی ئەرژەنتین دا بەردەوام بێت.

بن سەلمان ڕۆژی چوارشەممە بە مەبەستی بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی تاقمی بیست گەییشتە بۆئێنووس ئایرێسی پێتەختی ئەرژەنتین .

ڕێکخراوەی چاودێری مافی مرۆڤ دووشەممەی ڕابردوو بە پێی بڕگەی دەستەڵات و سەروەریی نێونەتەوەیی ھێزی داد لە یاسای بنەڕەتیی ئەرژەنتین، داوای کەوتنە بەر پەیگەڕی پاشمیرەکەی عەرەبستانی سەعودیی کرد.

یاسای بنەڕەتیی ئەرژەنتین دەستەڵاتی جیھانیی دادەوانی لە بارەی تاوانکارییە جەنگییەکان و ئەشکەنجەو ئازاردان بە فەرمی دەناسێ و ھەر بەم پێیە کاربەدەستانی دادی ئەم وڵاتە بەبێ گەڕانەوە بۆ شوێنی تاوانەکان و یان شوناسی نیشتیمانیی تاوانکارو یان قوربانی، بۆی ھەیە سەبارەت بەو تاوانانە بکۆڵێتەوەو تاوانکاران دادگایی بکات.

 

سەرپەیڤ