کانونی یه‌که‌م 02, 2018 16:08 Asia/Tehran
  • بەردەوامی ڕەخنە و ناڕەزامەندی جەماوەری لە فەڕەنسا (بزووتنەوەی ئێلەگ زەردەکان)

ناڕەزامەندی لە ئاست بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە فەڕەنسا و داخواز بۆ خۆلەکارکشانەوەی ماکرۆن هەر بەردەوامە.

پتر لە 2 حەوتەیە کە خۆپیشاندانی سەرانسەری لە فەرەنسا لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزامەندی دەربڕین لە ئاست سیاسەتە ئابوورییەکانی حکوومەت و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دەس پێ بووە.

 ڕەخنە و ناڕەزامەندی جەماوەری لە فەڕەنسا

بە پێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا، پتر لە 75 هەزارکەس لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی شەممە لە دژی حکوومەت لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا بەشدارییان کردووە و ڕەوشەکە لە پاریسیشدا قەیراناویتر بووە.

ئەم ناڕەزامەندییانە تاکو ئێستا بووەتە هۆی مردنی 2 کەس و بریندار بوونی سەدان کەس و هەروەتر 300 کەسیش لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتە قۆڵبەست کراون.

ڕەخنە و ناڕەزامەندییە بەربڵاوەکانی ئەمدواییە لە فەڕەنسادا، کێشە و لەمپەرێکی گەورەی لەبەردەم ئیمانۆئێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا، ساز کردووە.

ئەگەرچی ئەم ناڕەزامەندی و خۆپیشاندانانە، سەرەتا بە داواکاری ئابووری و ناڕەزامەندی دەربڕین لە ئاست گەڵاڵەکەی سەرۆک کۆمار لە پەیوەندی لەگەڵ هەڵکشانی ئاستی باجی سەر سووتەمەنی دەس پێ بوو.

بەردەوامی ڕەخنە و ناڕەزامەندی جەماوەری لە فەڕەنسا

بەڵام تاکوو ئێستا، ئەو داواکارییانە گەلێک زیاتر بوون و ناڕازییەکان بە ڕاشکاوانە، خوازیاری خۆ لەکارکشانەوەی ماکرۆنن.

  بزووتنەوەی ئێلەگ زەردەکان لە فەڕەنسا

هەڵکشانی نرخی سووتەمەنی کاریگەری زۆری بووە لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی خەرجی ژیان لە فەڕەنسادا و گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بووجەی خێزانە فەڕەنساییەکان.

ئەم بابەتە ڕەخنە و خۆپیشاندانی گشتی بەدواوە بووە. ناڕازییەکان بە لەبەر کردنی ئێلەگی زەرد لە دژی سیاسەتە ئابوورییەکانی ماکرۆن و هەڵکشانی نرخی سووتەمەنی، خۆپیشاندانیان ساز داوە.

ئەگەرچی ئەم ناڕەزامەندییانە بەم بیانووەوە دەس پێ بووە بەڵام لەڕاستیدا، ناڕازییەکان، لەبنەڕەتدا نەیاری سیاسەتە ئابوورییەکانی ماکرۆنن.

بەم حاڵەشەوە، کاردانەوەی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، لەحاند ئەم خۆپیشاندانانە زۆر بەربڵاو و تووند بووە، ئەو هەر بەردەوام پێداگری کردووە لەسەر هەڵوێستەکەی خۆی واتە بەردەوام کردنی ڕەوتی ئێستاکە و بەڕێوەبردنی سیاسەتە ئابوورییەکانی خۆی! سەرباری ئەوەش بەڵگەکان پیشان دەدەن، خۆپیشاندانەکان زۆر واوەتر لەوەن وا ماکرۆن بیری لێدەکاتەوە.

ئەو لەسەر ئەم باوەڕەیە بە تووند و تیژی نواندن، ئەتوانێ بڵێسەی ئاوری ئەو خۆپیشاندانانە، بکوژێنێتەوە.

بەڵام چاوخشاندنێک بەسەر داواکاری خۆپیشاندەران دەریدەخات کە بە بێ ئاوڕدانەوە لە داواکارییەکانی ئەوان یاخود ڕاهاتن لەگەڵیان، بوار بۆ کەمبوونەوەی خۆپیشاندان یاخود هێوربوونەوەی دۆخەکە، خۆش نابێ، بەتایبەت ئەوەی کە بزووتنەوەی "ئێلەگ زەردەکان" لەلایان جەماووەرەوە، پاڵپشتی لێدەکرێت و تەشەنەی سەندووە بۆ هەندێک وڵاتی ئەورووپی دیکەش وەکوو بەلژیک و پێتەختەکەی واتە برووکسێل.

 

 

سەرپەیڤ