کانونی یه‌که‌م 07, 2018 16:46 Asia/Tehran
  • بەھێز کرانی یۆرۆ،وەڵامی لێژنەی ئەورووپا بە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام

دوابەدوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران، لێژنەی ئەورووپا بەنیازی بەھێزکردنی ڕۆڵی یۆرۆ لە ئاستی نێونەتەوەیی دایە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، لێژنەی ئەورووپا ڕۆژی چوارشەممە ھێندێک پێشنیاری بێ ئەرکی لەمەڕ بەھێزکردنی ڕۆڵی یۆرۆ لە ئاڵووێرە نێونەتەوەییەکان و بەکارھێنانی وەک دراڤی یەدەک بە مەبەستی قوت کردنەوەی لە بەردەم دۆلاردا ھێنایە ئاراوە.

ئەم داھێنانە دوابەدوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام  ھاتووەتە ئاراوە کە کۆمپانیا گەورە ئەورووپییەکانی ناچار کرد بۆ لە ئەماندا مانەوە لە سزادانەکانی واشێنگتۆن، ئاڵووێرەکانی خۆیان لەگەڵ ئێراندا ھەڵپەسێرن.

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  وێڕای دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران بۆ وێنە ئەمەی کە بەرجام ڕێککەوتنێکی ترسناکە، کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاند.

ئەو کارەی ترەمپ لەگەڵ ئیدانەکرانی بەربڵاوی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەوە و ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەرانساو ئەڵمانیاو یەکێتیی ئەورووپا وەک لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی بە ڕاشکاوی جەختیان کرد کە لەم ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە لاگری و پشتیوانی دەکەن.

یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاندووە کە یاسای  پشتیوانی کردن لەو کۆمپانیاگەلەی کە لە ئێراندا خەریکی چالاکی نواندنن ڕادەپەڕێنێ ھەتا ئەو کۆمپانیاگەلە لە بەرامبەر ئەو بەشەی بایکۆتەکانی ئەمریکادا کە ھەڕەشە لە کۆمپانیا بیانییەکان دەکات، بپارێزرێن.

لێژنەی ئەورووپا کۆمپانیاو دەوڵەتەکانی ئەورووپای بانگێشتن کردووە بۆ ئەوەی بەکارھێنانی یۆرۆ لە کەرتی وزەدا جێگیربکەن. لێژنەی ئەورووپا ھەروەھا باسی ئەوەی کردووە کە خەریکی تۆکمەکردنی لێکدانەوەو موتاڵای زیاترە لە بارەی ھەگەری کەڵک وەرگرتنی بەبڕشتانەترو بەربڵاوتر لەم یەکەدراڤییەی ئەورووپا لە بازاڕەکانی دراڤی و دابین کردنی کەرەستە سەرەتاییەکاندا.

لە بەیاننامەیەکی لێژنەی ئەورووپا ھەر لەم پەیوەندییەدا ھاتووە: بڕیاری کەڵک وەرگرتن لە دراڤی یەکگرتوو وەکوو دوایین ڕێگاچارە لە لایەن ڕۆڵگێڕانی بازاڕەوە ھاتووەتە ئاراوە کە ھەڵبەت ئامانجی ئەم کارە دەستوەردان لە ئازادیی سات و سەوداو بازرگانی و  یاخود بەرتەسک کردنەوەی نییە.

لێژنەی ئەورووپا وێڕای بانگێشتن لە وڵاتانی ئەورووپی بۆ بەکارھێنانی ڕێکمەندی دراڤی ھاوبەشی یۆرۆ لە ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکانی داھاتوو لە کەرتی وزەدا، ڕایگەیاند: یەکێتیی ئەورووپا یەکەم ھاوردەکاری جیھانیی وزەیە بە ڕادەی مام ناوەندیی سێسەد ملیارد یۆرۆ.

جێگای ئاماژەیە پەیوەندییەکانی ئەورووپاو ئەمریکا لە کاتی دەستەڵات گرتنی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە لە سەر کێشەگەلێکی وەک کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام، ڕێککەوتنی کەش و ھەوای پاریس و ھەروەھا ناکۆکی گەلێکی دوو لایەنە لە بارەی بوجەی ناتۆو نرخنامەی گومرگی تێک چووە.

 

سەرپەیڤ