کانونی یه‌که‌م 17, 2018 13:28 Asia/Tehran
  • کەنادا لەهەوڵی دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ هەڵوەشانی ڕێککەوتننامەی چەکەمەنی لەگەڵ عەرەبستان

حکومەتی کەنادا ڕایگەیاند، هەوڵیەتی لە ڕێککەوتننامەی چەکئامێریی لەگەڵ عەرەبستان بکشێتەوە.

بەپێی راپۆری هەواڵدەریی ڕۆیتەرز، "جاستین ترۆدۆ" سەرۆک وەزیرانی کەنادا بۆ یەکەمجار و پاش تاوسەندنی ڕەخنەکانی کۆمەڵگای جیهانی لە تاوانکارییەکانی عەرەبستان لەدژ یەمەن و هەروەها پرسی کوژرانی رۆژنامەنووسی رەخنەگری ئەو وڵاتە، وتی: "حکومەتەکەی لەهەوڵی دۆزینەوەی ڕێگایەکە بۆ چوونەدەر لە ڕێککەوتننامەی چەکئامێریی چەند ملیارد دۆلاری لەگەڵ عەرەبستان".

لێدوانەکانی ترۆدۆ واپێشان ئەدا کە شێوەی ئاخاوتنی لەهەمبەر عەرەبستان توند بووە چونکە ناوبراو پێشتر وتبووی سزای قورس هەیە لەبەردەم دڕاندنی ئەو ڕێککەوتننامە ١٣ملیار دۆلارییەی فرۆشتنی ئۆتۆمبیلی زرێپۆش.

ئەو گرێبەستە لەلایەن یەکەی کەنادایی کۆمپانیای"جەنەرال داینامیکس" گرێدراوە.

ترۆدۆ پێشتریش وتی: بێتوو کەنادا بگاتە ئەو ئەنجامەی لەو چەکئامێرانە کەڵکی ناڕەوا وەرگیردراوە، لەوانەیە ئیزنی هەناردەکرانی هەڵپەسێرێ. بەڵام سەرۆک وەزیرانی کەنادا وتی: ئێمە ئیزننامەکانی هەناردەکرانی چەکئامێرمان تاووتوێ کردووە هەتا دەربکەوێ ئاخۆ ڕێگایەک هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە هەناردەی ئەو چەکەمەنیانە بۆ عەرەبستان یان نا؟

نەیارانی سیاسی بە ئاماژە بە کوژرانی جەمال خاشوقچی رۆژنامەنووسی سەعودی و دەسوەردانی عەرەبستان لە شەڕی یەمەن جەخت لەوە دەکەن کە ترۆدۆ دەبێ کۆتایی بێنێ بەو ڕێککەوتنە چەکئامێرییە کە لەلایەن حکومەتی ڕابردووی کەناداوە بەستراوە.

سەرپەیڤ