کانونی یه‌که‌م 21, 2018 11:35 Asia/Tehran
  • وتووێژی تەلەفوونی نەتانیاهوو  و ترەمپ سەبارەت بە چوونەدەری ئەمریکا لە سووریا

"بنیامین نەتانیاهوو"ی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی لەگەڵ "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ڕێگای تەلەفوونەوە سەبارەت بە باروودۆخی سووریا و چۆنیەتی چوونەدەری هێزی ئەمریکایی لەم وڵاتە وتووێژی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ ئەو تووێژە تەلەفوونییە دوابەدوای ئەوەی بەڕێوەچوو کە ترەمپ ڕۆژی چوارشەممە لە بڕیارێکی لەناکاودا ڕایگەیاند کە بەم زوانە هەموو هێزەکانی ئەمریکا کە لە سووریادان خاکی ئەم وڵاتە بەجێ دێڵن.

نەتانیاهوو کە گەلێک نیگەرانە لە چوونەدەری هێزی ئەمریکایی لە سووریا، لەو پێوەندییە تەلەفوونییەدا لەگەڵ ترەمپ باسی ڕێکارەکانی بەردەوام بوونی هاوکاریی نیوان ئیسراییل و ئەمریکا دژ بە ئێران و سووریای کرد.

ڕۆژی چوارشەممە پاش بانگەشەی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بەوەی کە شکست پێهێنانی داعش تەنیا هۆکاری بوونی هێزی سەربازیی ئەم وڵاتە لە سووریادا بووە ، کۆشکسی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند پرۆسەی گەڕاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریاوە دەست پێ بووە.

ئەمریکا بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان بە شێوەی نایاسایی (بە بێ ئیزنی دەوڵەتی سووریا) هێزی سەربازیی خۆی لە خاکی ئەم وڵاتەدا سەقامگیر کردووە .

بوونی نایاسایی هێزە سەربازییەکانی واشینگتۆن لە سووریا بە بیانوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە کاتێکدایە کە "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئەمدواییە دانی نا بەوەیدا کە ئەم وڵاتە هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی گرووپە تیرۆریستییەکان لەوان داعش لە سووریا و ئێراقە.

قەیران لە سووریا لە ساڵی ٢٠١١ـەوە بە پەلاماری بەربڵاوی گرووپە تیرۆریستییەکانی داکۆکی کراو لە لایەن عەرەبستان، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان لە پێناو گۆڕینی هاوکێشەکانی ناوچە بە سوودی ڕژێمی زایۆنی دەست پێبوو. دوابەدوای ئەوە سووریا داوای لە ئێران  و ڕووسیا کرد کە لە خەباتی دژ بە  تیرۆریستان یارمەتیدەری دیمەشق بن.

 

سەرپەیڤ