کانونی یه‌که‌م 25, 2018 20:32 Asia/Tehran
  • پێداگریی لەسەر پێویستی پێبەندبوون بە ئاگربەسی حودەیدە

سەرۆکی کۆمیتەی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ چاودێری بەسەر ڕێککەوتنی ئاگربەس لە حودەیدە، پێی داگرت لەسەر پێبەندبوون بە ڕێککەوتنی "ستۆکهۆلم"ی سۆئێد.

بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ سێ شەممەی ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، "پاتریک کامائێرت" سەرۆکی لیژنەی چاودێری ڕێکخراوی نەتەوەکان  لە حودەیدە بەپێداگریی لەسەر درێژەی ڕەوتی ڕێککەوتنی سۆئێد بۆ جێ بەجێ کرانی ئاگربەس لەو شارە، خوازیاری لێبڕاویی لایەنەکانی شەڕ بوو بۆ چەسپاندن و جێ بەجێ کرانی ئاگربەس.

بەرلەوە، "سەلیم موغلس" لە ئەندامانی شاندی سەنعا لە دانوستانەکانی سۆئێد بەئاماژە بە پێشێلکرانی بەربڵاوی ئاگربەس لەلایەن هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعودی لە حودەیدە، وتی: ڕووداوەکانی ئێستای ئەو شارە ئەوە دەسەلمێنێ کە سەعودیەکان پێبەندی ڕێککەوتنی سۆئێد نین.

دانوستانی لایەنە یەمەنییەکان لە شەش هەتا ١٣ی دیسەمبەری ئەمساڵ لەژێر چاودێریی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە ستۆکهۆلمی سۆئێد بەڕێوە چوو.

ئاگربەس لە بەندەری حودەیدەەو کرانەوەی ئەو بەندەرە بۆ گواستنەوەی یارمەتییە مرۆییەکان ، لە گرینگترین و سەرەکیترین خاڵەکانی ڕێککەوتنی دانوستانەکانی ستۆکهۆلمی سۆئێد ڕاگەیێندراوە.

عەرەبستان بەپاڵپشتیی ئەمریکا، ئیمارات و چەند وڵاتی دیکە لەمارسی٢٠١٥ـەوە دەستی کردووە بە دەسدرێژکاریی سەربازیی بۆسەر یەمەن و ئەو وڵاتەی گەمارۆی زەوینی، دەریایی وئاسمانی داوە.

شەڕخوازیی عەرەبستان و هاوپەیمانانی لە یەمەن تائێستا کوژرانی زیاتر لە ١٤هەزار یەمەنی، برینداربوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی بەملوێنان یەمەنی لێکەوتووەتەوە.

دەسدرێژکاریی سەربازیی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژاری یەمەنی بەرەوڕووی کەمیی خۆراک و دەواو دەرمان کردووە.

سەرپەیڤ