کانونی یه‌که‌م 28, 2018 09:41 Asia/Tehran
  • ڕووسیا: مانەوەی ئێران لە سووریادا دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی نێوان ھەردووک وڵاتەوە

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند: ئامادە بوونی موستەشارانی سەربازیی ئێران لە سووریا بابەتێکە کە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و تارانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی ھەینیی ئیرنا، ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیا لە کۆبوونەوەی ھەواڵیی حەوتانەی خۆی لە بارەی قسەو بانگەشەکانی ئەم دواییەی بنیامین ناتانیاھۆی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونییەوە لە بارەی ئامادە بوونی ئێران لە سووریا، وتیشی: سووریا میوانداری موستەشارانی ئێرانییە و بڕیاردان لە بارەی ئامادە بوونەش لە ھەر وڵاتێکدا بە ئەستۆی میواندارو خاوەنی ئەو وڵاتەیە.

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیا وتیشی: سووریا وڵاتێکی سەربەخۆیە و بۆی ھەیە لە بارەی بوونی موستەشارانی سەربازیی وڵاتانی دیکە لە خاکی وڵاتەکەی دا بڕیار بدات.

بنیامین ناتانیاھۆی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی لە ئاراستەی سیاسەتەکانی دەستوەردەرانەی ئەم ڕژێمە لە سووریا کە لە سەر بنەمای پشتگری کردن لە  تیرۆریستانی دژی سووریایە، گەلێک جار داوای چوونە دەرەوەی لەشکریانی ئێرانی لە سووریای کردووە.

ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیا لە درێژەی وتەکانی دا بە دەربڕینی ئەمەی کە ڕەوتی ئاشتیی ئاستانە بۆ سووریا بەقازانجە، وتیشی: ئێران و ڕووسیاو تورکیا پشتگری لە دانوستانی ئاشتیی ئاستانە دەکەن.

ناوبراو بە دەربڕینی ئەمەی کە لە چوارچێوەی دانوستانی ئاستانە دەرەنجامی باش و بەکەڵک مسۆگەر کراوە، وتیشی: ڕەوتی دانوستانەکانی ئاستانە ھەلی ئەوەی ڕەخساند ھەتا دۆخەکە بۆ پێکھێنانی لێژنەی یاسای بنەڕەتیی سووریا خۆش بکرێت.

 

سەرپەیڤ