کانونی دوھەم 03, 2019 18:53 Asia/Tehran
  • درێژەی چوونەدەری موسڵمانانی رۆهینگیا لە پارێزگای راخینی میانمار

یاریدەری وتەبێژی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان وتی: چوونەدەری موسڵمانانی رۆهینگیا لە پارێزگای "ڕاخین"ی میانمار بەهۆی پەلامارەکانی سوپای ئەو وڵاتە بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ پێنج شەممەی هەواڵدەریی تەسنیم؛ "فەرحان حەق" ڕایگەیاند؛ پاش پەلاماری سوپای میانمار بۆسەر موسڵمانانی رۆهینگیا لە پارێزگای راخین و تاوسەندنی تێکهەڵچوونەکان لەو ناوچەیەدا، نزیک بە دووهەزار و پێنج سەت کەسی دیکە لە موسڵمانانی رۆهینگیا لەو پارێزگایە چوونەتەدەر.

یاریدەری وتەبێژی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان وتی: ئەو پەلامار و تێکهەڵچوونانە جارێکی دیکە لەمانگی ڕابردووەوە دەس پێ بووە.

فەرحان حەق وتی: تاقمێک لەنوێنەرانی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی ڕەوشی پارێزگای راخین ڕەوانەی ئەو پارێزگایە کراون هەتا پێداویستییەکانی خەڵکی ناوچەکە لەنزیکەوە لێک بدەنەوە.

لێژنەی پەیجۆری ڕاستییەکانی سەربەخۆی ڕێکخراوی نەتەوەکان پێشتر پاش تاووتوێی بارودۆخی پارێزگای راخین گەیشتووەتە ئەو ئەنجامە کە سوپای میانمار دەستی داوەتە کوشتاری بەکۆمەڵ و دەسدرێژکاریی بۆسەر موسڵمانانی رۆهینگیا.

لە بیست و پێنجی ئاگۆستی٢٠١٧ ـەوە لە پەلامارەکانی سوپای میانمار و بودائیانی توندڕەو بۆسەر موسڵمانانی رۆهینگیایی لەپارێزگای راخین لەرۆژاوای میانمار، زیاتر لە شەش هەزار موسڵمانی رۆهینگیایی کوژراون، هەشت هەزار کەس بریندار بوونە و نزیک بە ملوێنێک کەسیش ئاوارەی بەنگلادش کراون.

سەرپەیڤ