کانونی دوھەم 18, 2019 17:57 Asia/Tehran

وێبگەی "میدی ئیست ئا" لەزمان"پرێس تی ڤی"یەوە ڕاپۆرتی دا کە بەڕێوەبەری بە ڕەگەز ئەمریکایی ئەو کەناڵە کە لە ڤاشنگتۆن قۆڵبەست کراوە، ئەمڕۆ هەینی لە دادگەیەک دا ئامادە دەبێت.

 بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵنێری  فارس، دوای وڵامنەدانەوەی کاربەدەستانی ئەمریکایی لە بارەی چارەنووسی "مەرزیە هاشمی" بەڕێوە بەری کەناڵی " پرێس تی ڤی"، ئێستا دەلێن ئەو ئەمڕۆ (هەینی) لە دادگەیەک لە ڤاشێنگتۆن دا ئامادە دەبێت.

 پۆلیسی ئەمریکا، " مەرزیە هاشمی" هەواڵنێر، داکیومێنت ساز و پێشکەشکاری بە ڕەگەز ئەمریکایی کەناڵی پرێس تی ڤی کە بەمەبەستی سەردانی بنەماڵەکەی سەفەری کردبوو بۆ ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە بێ هیچ چەشنە تاوانێک قۆڵبەست کردووە.  مەرزیە هاشمی لە تاقە پێوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکەی گوتوویەتی فەرمانبەرانی گرتووخانە هاوکات لەگەڵ لابردنی بە زەخت و زۆریی حیجابەکەی ، دەست و لاقی یان لە کووت و زنجیر کردووە و سەرەڕای خۆبواردنی لە خواردنی چێشت بە گۆشتی بەراز، چێشتی حەڵاڵ و یان ڕووەکی پێنادەن؛ بە لەونێک کە ئەو لەم ماوەیە دا تەنیا هەر نانی خواردووە.

کاربەدەستانی پۆلیس و دەزگەی دادی ئەمریکا بە تێپەڕینی پێنج رۆژ لە قۆڵبەستکرانی مەرزیە هاشمی ، هێشتایش هیچ تاوانێکیان دژی ئەو ڕانەگەیاندووە .