شوبات 17, 2019 13:32 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی ئوتریش: یەکێتیی ئەورووپا بایکۆتی نوێ بە سەر مۆسکۆ دادەسپێنێ

وەزیری دەرەوی ئوتریش ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە یەکیتیی ئەورووپا بەنیازە بایکۆتی نوێ بە سەر ڕووسیا داسەپێنێ.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "کارین کنایسێل" Karin Kneissl لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی سپۆتنیک رایگەیاند؛ ئەو بایکۆتانە لەبەر ڕووداوی گەرووی "کێرچ" بە سەر ڕووسیا دادەسەپێن.

سێ پاپۆڕی ئوکراینی یەکشەممە ٢٥ی نۆڤەمبەر بە تێپەڕین لە گەرووی "کێرچ" لە نێوان زەریای ڕەش و زەریای ئازۆڤ سنووری ئاوەکانی ڕووسیایان لە شێوەدوورگەی کریما" بەزاند. ئەو کردەوەی پاپۆرە ئوکرایینییەکان بووە هۆی کاردانەوەی ڕووسەکان و پاپۆڕە سەربازییەکانی دوو وڵات پێکەوە تێکهەڵچوون.

ئیستاکە ڕووسیا دەستی گرتووە بە سەرئەو سێ پاپۆڕە ئوکراینییەدا.

یەکێتیی ئەورووپا لە ئاراستەی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە بە تۆمەتبار کردنی ڕووسیا بە دەستێدابوونی لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ڕۆژهەڵاتی ئوکراین و یارمەتی دانی نەیارانی دەوڵەتی ئەم وڵاتە، کۆمەڵە بایکۆتێکی ئابووری و دراویی دژ بە ڕووسیا پەسەن کردووە کە کاردانەوەی بەرامبەر مۆسکۆی بە دواوە بووە.

جیابوونەوەی شێوەدوورگەی کریما لە ئوکراین و پەیوەست بوونی بە ڕووسیا لە ساڵی ٢٠١٤ـیش بە پێی ئەنجامی کۆپرسییەک، کێشە و ناکۆکیی نیوان ڕووسیا و ڕۆژاوای دووهێندە کردووە.

شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئوکراین لە ئاپریلی ٢٠١٤ـەوە دوابەدوای کودەتای لایەنگرانی ڕۆژاوا دژ بە دەوڵەتی ئەو کاتە، دەست پێ بووە.